هێزەکانی ئەحمەد شەرع ژمارەیەک گەنجی کوردیان لەسەر قسەکردن بە کوردی دەستگیرکرد

لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا ژمارەیەک گەنجی کورد بە هۆی قسەکردنیان بە کوردی دەستگیرکران.

ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، هێزێکی ئاسایشی گشتی پێنج گەنجی کوردیان لە گەڕەکی موزەتل جەبەلی دیمەشقی پایتەختی سووریا دەستگیرکرد کاتێک کە بە کوردی قسەیان کردووە.

ڕوونیشیکردەوە، ئەو گەنجانە کە خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری عەفرین بوون، لە شوێنێکی گشتیدا بە کوردی قسەیان کردووە کاتێک ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش نزیکبووەتەوە لێیانی پرسیوە: "ئێوە کوردن؟" ئەوانیش لە وەڵامدا وتویانە بەڵێ، دەستبەجێ هێزێکی چەکدار هاتووە و بەرەو شوێنیکی نادیاری بردوون.

ڕوانگەی سووریا ڕاشیگەیاند، تا ئێستا چارەنووسی ئەو گەنجانە و شوینی دەستبەسەرکردنیان نەزانراوە.



AM:09:06:21/07/2025