ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی دوو سکاڵای تایبەت بە هەرێم تاوتوێ دەکات

دادگای فیدراڵی دەربارەی دوو سکاڵا کۆدەبێتەوە کە هەفتەی ڕابردوو تاوتوێکردنیانی دواخست و لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خولی ئێستای پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراون.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر دوو سکاڵا کۆبێتەوە کە لە دژی بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراون.

لە سکاڵاکەدا کە لە سەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوە هاتووە، دانیشتنەکەی ڕۆژی ٢ی ١٢ی ٢٠٢٤ کە دەبوو دەستەی سەرۆکایەتی تێدا هەڵبژێردرێت تەواو نەبووە، بۆیە داوا کراوە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە و ئەو ئیمتیازاتە داراییانەی کە پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان بسەندرێتەوە و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش پابەند بکرێت بە ئامادەکاری بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە نزیکترین کاتدا.

لە سکاڵای دووەمیشدا کە لە دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی سەرۆکی هەرێم کراوە کە بووەتە ڕێگر لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.

بڕیاربوو ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام دادگای فیدراڵی بۆ ئەمڕۆ دوایخست.



AM:09:29:21/07/2025