پسپۆڕێكی ئابوری عێراق: داخستنی بۆری جەیهان گورزێکی كەمەرشكێن دەبێت بۆ کوردستان

پسپۆڕێکی ئابوری عێراق بە میدیای عێراقی راگەیاند"بڕیاری تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی بۆری نەوتی خاو لەگەڵ عێراقدا بە هۆکاری یاسایی و ستراتیژییەوە تێکەڵ بووە، بەتایبەتی ناکۆکیی دادوەری نێوان هەردوولا و هەروەها خواستی ئەنقەرە بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشەی وزە لە ناوچەکەدا.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ تەمموز نەبیل مەرسومی بە میدیای عێراقی راگەیاند"بریاری تورکیا بۆ داخستنی بۆری جەیهان گورزێکی كەمەرشكێن دەبێت بۆ کوردستان".

دەشڵێت" ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای مادەی (١١)ی رێککەوتنەکە بوو، لە (١٩)ی ئەیلولی (٢٠١٠)هەموارکرایەوە، کە رێگە بە هەر لایەنێک دەدات رێککەوتنی (١٥) ساڵە هەڵبوەشێنێتەوە، بە ناردنی ئاگادارییەکی نوسراو بۆ لایەنی بەرامبەر ساڵێک پێش وادەی بەسەرچونی".

 ئەو شارەزا ئابوورییە دەشڵێت" رەنگە ئەم بڕیارەی تورکیا پەیوەندی بە تووڕەیی ئەنكەرەوە هەبێت لە عێراق، کە سکاڵای یاسایی لە ژووری بازرگانی پاریس تۆمارکرد، بەوهۆیەوە سزای یەک ملیارو (٥٠٠) ملیۆن دۆلاری بەسەر تورکیادا سەپاند، بەهۆی رێگەدانی بە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆری جەیهانەوە، بە پێشێلکردنی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ عێراق واژۆکراوە".

 ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئەگەرێکی زۆرەوە هۆکاری ئەو بڕیارە، بەدواداچوون بۆ پڕۆژەیەکی نوێی ستراتیژی تورکیا بووە بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز لە بەسرە بۆ بەندەری جەیهان، تێپەڕین بە حەدیسە، بیجی و فیشخاپور و گەیشتن بە سلۆپی لە تورکیا بە توانای هەناردەکردنی ٢.٢ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

هێڵی بۆری غازی بەسرە - سلۆپی سودی بۆ ناوچەکە دەبێت، چونکە تورکیا پلانی هەیە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو غازە سروشتییە بۆ عێراق دابین بکات کە پێویستیەتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، تا ئەوکاتەی کێڵگە غازە ناوخۆییەکان پەرەیان پێدەدرێت. 
بەڵام داخستنی بۆری جەیهان، گورزێکی كەمەرشكێن دەبێت بۆ کوردستان، كە  تاکە دەرچەیەتی بۆ هەناردەکردن، بەمەش ئابورییەکەی لاواز دەبێت و زیاتر پشت بە بەغداد دەبەستێت.

نەبیل مەرسومی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پڕۆژەکە پاڵپشتی حکومەتی عێراقی هەیە بەو پێیەی ڕێگەیەکی بەدیلێکی سەلامەت بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لە باشووری عێراقەوە بۆ دەریای ناوەڕاست دابین دەکات و هەروەها بەشێکە لە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کە ئامانجی بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوروپایە لە ڕێگەی عێراقەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەشێک لە شارەزایانی بواری نەوت دەڵێن هۆکارێکی گرنگی دیکە کە تورکیا ئەو بڕیارەی دەرکردوە هێرشی ناوبەناوی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییە بۆ سەر ناوەندە نەوتییەکانی کوردستان کە بە پاڵپشتی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت.




PM:03:12:21/07/2025