وەزیری دارایی عێراق: پێشبینی دەکرێت کورتهێنانی بودجەی عێراق بگاتە ٦٠ ترلیۆن دینار

وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند"  کورتهێنانی بودجەی عێراق بگاتە ٦٠ ترلیۆن دینار "، ئابووریناسانیش دەڵێن" کورتهێنانی پێشبینیکراو دەبێتە هۆی زیادبوونی فشار لەسەر بازاڕی عێراق".

حەیدەر ئەل شێخ، شارەزای بواری ئابووری بە میدیای عێراقی ڕاگەیاندووە، "تەیف سامی وەزیری دارایی لە میانی کۆبوونەوەی دوێنێیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان، ئاگاداریکردونەتەوە کە بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت لیژنەیەکی حکومی پێکهێنراوە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر یاسای بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٥".

ئاماژەی بەوەشداوە، "ئەم لیژنەیە سەرقاڵی جیاکردنەوە و هەژمارکردنی داهاتی نەوت و نانەوتییە، کە لەئێستادا بە زیاتر لە ١٤٠ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، هاوکات کورتهێنانەکە لەسەر بنەمای خەرجییە پلان بۆ داڕێژراوەکان دەبێت، و پێشبینی دەکرێت کورتهێنانەکە بگاتە ٦٠ ترلیۆن دینار ئەگەر کۆی بودجە بگاتە ٢٠٠ ترلیۆن دینار".

ئابوریناسان پێیان وایە ئەو کورتهێنانە دەبێتە هۆی زیادبوونی فشار لەسەر بازاڕی عێراق، دیارترین کاریگەرییە شی لەسەر دواکەوتنی مووچە، زیادبوونی فشارەکانی هەڵاوسان لەسەر بازاڕەکان، دابەزینی ئاستی وەبەرهێنانی حکومەت و کەمبوونەوەی پڕۆژەی نوێ، کاریگەری نەرێنی لەسەر هەلی کار و گەشەی بازاڕی ناوخۆیی دەبێت.




PM:05:08:21/07/2025