ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت" لەگەڵ پارتی بە یەک لیست بین یان دوای هەڵبژاردن جیا ببینەوە، بەیەکەوە بوونمان کلیلی سەرکەوتنە بۆ کوردستان هەموو جار کورد یەک دەنگ بووبێت بەهێز بووە"، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات" دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە بەرهەمی یەکدەنگی هەمووان بوو".
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی تەمموز بە میدیای پارتی راگەیاند" ئەم لێکتێگەیشتنەی لەبارەی ناردنی مووچە کراوە گرنگە دەبێ وابکەین تا پەسەندکردنی میزانییەی ٢٠٢٦ بەردەوام بێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد"گرفت بۆ ئەم لێکتێگەیشتنە دروست نابێ، ئەگەر کێشەیەکی تەکنیکی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت هەبێ عێراقیش زانیاری لەبارەوە هەیە. ئەم چەند ڕۆژی ڕابردوو هەوڵی زۆردرا بۆ تێکدان هیچی سەرکەوتوو نەبوون".
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت و دانوستانەکانی یەکێتی و پارتیش سەعدی ئەحمەد پیرە وتی" هەردوولامان پارتی و یەکێتی پێمان وایە دەبێ پێش هەڵبژاردن حکومەت پێکبێت، بەڵام گرنگە سەقفی داواکاریەکانمان کەمێک بهێنینە خوارەوە."
جەختیشی لەوە کردەوە- لەگەڵ پارتی بە یەک لیست بین یان دوای هەڵبژاردن جیا ببینەوە، بەیەکەوە بوونمان کلیلی سەرکەوتنە بۆ کوردستان".
سەعدی ئەحمەد پیرە دەشڵێت" ئەمریکا و بەریتانیا و ئەوروپا هەموویان ئامۆژگاریمان دەکەن دەڵێن دواخستنی پێکهێنانی حکومەت لە بەرژەوەندیی کوردستان نییە، ئەوان لە قازانجی ئێمە قسە دەکەن. دەبێ هەندێجار بە گوێیان بکەین".