دادگای فیدراڵی سکاڵاکانی دژی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی ڕەتکردەوە

دادگای فیدراڵیی عێراق ئەو دوو سکاڵایەی ڕەتکردەوە کە لە دژی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن شەش پەرلەمانتارەوە تۆمار کرابوون، هاوکات نوخشە ناسح پیرۆزبایی لە هەڵەبجەییەکان دەکات. 

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٥، دادگای باڵای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەسەر دوو سکاڵا کە لە دژی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە وەک ١٩مین پارێزگای عێراق تۆمارکرابوون؛ کۆبووەوە و سکاڵاکانی ڕەتکردەوە. 

ئەو دوو سکاڵایە، لە لایەن شەش پەرلەمانتارەوە لە دژی سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرانی تۆمار کرابوون و سکاڵاکاران داوایان کردبوو، بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە نایاسایی بناسرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە. 

لای خۆشییەوە نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە لە پەیامێکدا وێرای پیرۆزبایی ئەو بریارە لە خەڵکی هەڵەبجە رایگەیاند"کۆتا بەربەستی بەردەم یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تێپەڕی".

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی مانگی چوار لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق ئیمزای لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد. دواتر ئەو قەڵەمەی بڕیارەکەی پێ ئیمزا کرد، بە نوخشە ناسح، پارێزگاری بە وەکالەتی هەڵەبجە دا.




PM:02:44:22/07/2025