ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕێککەوتنی داهات و نەوت لەگەڵ بەغدا تاوتوێ دەکات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەربارەی ڕێککەوتنی داهات و نەوت لەگەڵ حکومەتی عێراق و دانانی میكانیزمی ڕێكخستنی كارەكانی دەستەی پێوانەسازی و كۆنترۆڵی جۆریی هەرێم کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٥ ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە و دوو بڕگە تاووتوێ دەكات.

بە پێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەت، لە بڕگەی یەكەمی کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەكانی ئەمدواییەی تایبەت بە جێبەجێكردنی دواڕێككەوتن و لێکگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵیی سەبارەت بە دۆسیەی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم و دۆسیەی نەوت و داهاتی نانەوتی تاوتوێ دەكرێ.

ئەوەشی خستەڕوو لە لە بڕگەی دووەمدا كۆنووسی كۆبوونەوەی تایبەت بە جێبەجێكردنی دەقی ڕێككەوتننامەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بە مەبەستی دانانی میكانیزمی ڕێكخستنی كارەكانی دەستەی پێوانەسازی و كۆنترۆڵی جۆریی هەرێم تاووتوێ دەكرێ.



AM:09:13:23/07/2025