هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بە فڕۆكەی بارهەڵگر ژمارەیەكی زۆر هاوكاری لۆجستی و كەرەستەی پێشكەوتووی سەربازیی رەوانەی رۆژئاوای کوردستان كرد.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی تەمموز فڕۆكەیەكی بارهەڵگری سەربازیی سەر بە سوپای ئەمریكا، لە بنكەی سەربازیی قەسرەك لە باكووری پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان نیشتەوە، كە بڕێكی زۆر هاوكاری لۆجستی و كەرەستەی پێشكەوتووی سەربازیی باركردبوو.
ئەم جموجۆڵە سەربازییانەی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای كوردستان، هاوكاتە لەگەڵ پەرەسەندنە ئەمنییەكانی دۆخی ناوخۆی سووریا و ئەگەری هێرشی سەربازیی گروپە چەكدارەكانی سەر بە حكومەتی سووریا، كە لەچەندین گرتەی ڤیدیۆییدا چەكدارەكاین ئەو گروپە هەڕەشەی هێرشكدرنە سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەكەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی ٢١ی ئەم مانگەش فڕۆكەیەكی بارهەڵگری سەربازیی ئەمریكا لە بنكەی سەربازیی خەراب جیر لە گوندەوارەكانی شارۆچكەی رمێلان نیشتەوە، كە ژمارەیەكی زۆر سەرباز و كەرەستەی سەربازیی باركردبوو، هەردوو بنكە سەربازییەكەی حەسەكە و رمێلان، تایبەتن بە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، كە لەماوەكانی رابردوودا بە هێنانی ژمارەیەكی زۆر چەك و كەسەرتەی سەربازیی، بوونی هێزەكانیان لە رۆژئاوای كوردستان بەهێزتر كردووە.