لەسەر پێدانی زەوی بە پێشمەرگە ڕوونکردنەوە درا

سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر پێدانی زەوی بە ئەفسەر و پلەدار و مێشمەرگەکان بڵاوکردەوە و دەڵێت” مەرج نییە هەر ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەک کە ڕەزامەندی هەبێت زەوی پێبدرێت”.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویكرده‌وه‌، ئەمڕۆ ٢٤ی تەموزی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەنجام درا بۆ گفتوگۆ لەسەر ڕێکارەکانی تەرخانکردنی زەوی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، وەزارەتی پێشمەرگە دەست خۆشی لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ تەرخانکردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون بۆ ئەو ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگانەی وەزارەت و فەرماندەیی هێزەکانی (٧٠و ٨٠) کە بەهۆی خزمەتەوە شایستە بوون بۆ وەرگرتنی زەوی.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە:

روونکردنەوەیەک لە سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە

ئەمڕۆ ٢٤ی تەموزی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەنجام درا بۆ گفتوگۆ لەسەر ڕێکارەکانی تەرخانکردنی زەوی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، وەزارەتی پێشمەرگە دەست خۆشی لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ تەرخانکردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون بۆ ئەو ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگانەی وەزارەت و فەرماندەیی هێزەکانی (70 و 80) کە بەهۆی خزمەتەوە شایستە بوون بۆ وەرگرتنی زەوی.

لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوەیەدا ئەم ڕوونکردنەوەیە دەخەینەڕوو کە پێویستە تەواوی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەکانمان پێوەی پابەند بن:

١- پاش هەوڵەکانی تیمی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ جەختکردنەوە لە شایستەبوونی زۆرینەی برا پێشمەرگەکان بە وەرگرتن و دیاریکردنی سنوری جوگرافی بۆ ئەو زەویانەی کە پێیان دەدرێت بە شێوەیەک بێت تا ڕادەیەک دادپەروەری سودمەندیان رەچاو بکرێت.

٢- ئەو لیستانەی بڵاو کراوەنەتەوە ڕەزامـەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەرگیراوە بۆ تەرخانکردنی پارچە زەوی، مەرج نییە هەر ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەک کە ڕەزامەندی هەبێت زەوی پێبدرێت لەبەر ئەوەی لە دوای فلتەرکردن و وردبینی کردن لە لیستەکان تایبەت بەو ناوانەی کە پێشتر سوودمەند بون ناوەکانیان دەردەکرێت و مافی وەرگرتنی زەویان نییە.

٣- لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرم لە لایەن فەرمانگەی یاسایی (بەڵێننامە) دراوە لەلایـەن خودی کەسەکە کە پێشتر سوودمەند نەبووە، لەو حاڵەتەدا هەر ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەک گەر بەڵێننامەی دابێت و لەهەمان کاتدا پێشتر سوودمەند بووبێت لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێری و دارایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر بۆ ئەم مەبەستەش لە چەند رۆژی داهاتوودا لیستی ناوی سوودمەند بووان کە لە وەزارەتی شارەوانی ووردبینی کراوە دەگاتە وەزارەتی پێشمەرگە بۆیە دەرفەتێک دەدرێت بەو ناوانەی کە پێشتر سودمەند بوون بە شێوەیەکی فـەرمی لە لایەن یەکەکانیانەوە بە لیست وەزارەتی پێشمەرگە / سەرۆکایەتی ئەرکان / دائیرەی ئیدارە و میرە ئاگادار بکەنەوە  بۆ ئەوەی تووشی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێری و دارایی نەبنەوە.

٤- ڕێکاری کارگێری بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانی تەرخانکردنی پارچە زەوی بۆ ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بەمەبەستی رێکخستنی لیستەکان بە پێی خاڵبەندی و سنوری جوگرافی و وردبینی کۆتایی لە وەزارەتی شارەوانی ماوەیەکی پێویستە تاکو لیستی کۆتایی رادەگەینرێت، بۆیە داوا لە تەواوی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین کە سەردانکردن و فشارکردن بۆ سەر لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکایەتی شارەوانیەکان و لیژنەی زەوی لە وەزارەتمان ئەنجام نەدەن تا ئەو کاتەی لیستی کۆتایی بە گشتی رادەگەینرێت.

٥- هەماهەنگی تەواو کراوە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانی کە هیچ ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەک ئەگەر مەرجەکانی وەرگرتنی پارچە زەوی بیگرێتەوە ئەوا مافی نافەوتێت.

٦- بەمەبەستی ڕاستکردنەوە، رێکخستنی داتا و زانیاری تایبەت بە لیستەکانی ئامادەکراو بۆ وەرگرتنی زەوی بەرپرسی ئیداری یەکەکان کاری پێویست ئەنجام دەدەن بە هەماهەنگی لەگەڵ دائیرەی ئیدارە و میرە و لیژنەی زەوی وەزارەتمان بۆ ئەو مەبەستە.





PM:06:36:24/07/2025