جەمیل بایك، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بە پێویستی دەزانێت هەلومەرجی ئازاد و کارکردن بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڕەخسێندرێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و دەڵێت: "وەک پەکەکە ئەو هەنگاوانەمان ناوە کە پێویست بووە، بۆیە داوا لە تورکیا ناکەین بڕیاری لێبوردنمان بۆ دەربکات، بەڵکوو داوای یاسای ئازاد و دیموکرات دەکەن بۆ هەموو گەلانی تورکیا".
جەمیل بایك لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی یەشام ئاماژەی بەوە دا کە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە چ هەنگاوێکیان ناوە و پێویستە چی بکرێت.
جەمیل بایک دەڵێت" هێشتا دەوڵەتی تورکیا گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلانی هەڵنەگرتووە. چونکە گۆشەگیرییەکە بەردەوامە، ئۆجەلان ناتوانێت هەنگاوی دیکە بنێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکە".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە دەسەڵاتدارانی تورکیا بەو ئۆپەراسیۆنانەی بۆ سەر جەهەپە ئەنجامیان دەدات، دەیەوێت کاردانەوە دژی ڕێبەر ئاپۆ، بزووتنەوەی ئاپۆچی و کوردەکان لەنێو جەهەپە، چەپی تورکیا و لایەنە دیموکراتییەکان دروست بکەن".
هاوسەرۆکی کەجەکە دەشڵێت، نیگەرانی و دوودڵی گەلی کورد لە پرۆسەکە لەجێی خۆیدایە، بەڵام پێویستە گەل داکۆکی لەو چارەسەرییە بکات کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە".
بایک باسی لەوەش کردوە "دەمانەوێت یاساکانی ئازادبوون دەربچن، دەستوورێکی دیموکرات بنووسرێتەوە، ئێمە ئەمە بە ڕێگای سێیەم ناودەبەین. کە نە بوونە بە بەشێک بەرەی دەسەڵات و نە بوونە بە بەشێک لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن".
هاوسەرۆکی کەجەکە دەشڵێت"دەمانەوێت بچینەوە تورکیا و لە سیاسەتی دیموکراتیدا جێبگرین. بۆ ئەوە پێویستە گۆڕانکاری لە یاساکاندا بکرێت و دڵنیاییمان پێ بدرێت."
بایک ئاماژەی بەوەدا کە قبوڵ ناکەن کەس شتیان بەسەردا بسەپێنێت و دەڵێت: "ئێمە بزووتنەوەیەکین کە بەپێی ئامانجەکانمان دەجوڵێینەوە.
ئەو هەنگاوانەمان ناوە کە پێویست بوو بیاننێین. ڕێبەرایەتیمان ویستی، ئێمەش هەنگاوەکانمان نا. ڕێبەرایەتیمان پرۆسەکەی لە ڕووی تیۆری، فەلسەفی و کۆمەڵناسییەوە شیکردەوە، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە ئەم هەنگاوانە دەنێین. لەمەودواش، ئەگەر هەنگاوێک بنرێت کە خزمەت بە هەنگاوەکانی ئێمە بکات، وەڵاممان دەبێت. جگە لەمە، هیچ سەپاندنێک قبووڵ ناکەین. با هەمووان ئەمە بزانن."