پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری مەترسیداری راگەیاند دەشڵێت" تۆمەتبارەکان لە کاتی دەستگیرکردنیان ڕووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بوونەتەوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٤ی تەمموز بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، دوو تۆمەتباری مەترسیداری بە تۆمەتی دزیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەستگیرکران.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، تۆمەتبارەکان پێشینەی تاوانیان هەیە و پێشتریش چەندین دزیی جۆراوجۆریان ئەنجام داوە وەک، دزینی پارە و ماتۆڕسکیل و هەروەها ماددەی هۆشبەریشیان بەکار هێناوە و چەکی بێ مۆڵەتیشیان هەڵگرتووە، لە کۆتا تاوانیشدا قاسەیەکیان شکاندووە و بڕی ٢٤ملیۆن دیناری عێراقییان دزیوە.
باسیان لەوەش کردووە، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا یەکێک لە تۆمەتبارەکان ویستوویەتی ڕووبەڕووی پۆلیس ببێتەوە و دواتر خۆی بکوژێت، بەڵام تیمەکانیان ڕێگرییان لێ کردووە، نەیانهێشت خۆی بکوژێت و دەستگیریان کرد.
هەروەها لە شوێنی مانەوەشیان دەست بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەردا گیراوە، تۆمەتبارانی ئاماژە پێکراو، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.