هاوڵاتییەک لە نزیک گوندی تەپەڕەش لە قەزای سەید سادق کوژرا، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت" دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە".
ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی تەمموز سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە میدیاکانی راگەیاند"کەسێک لە نزیک گوندی تەپەڕەشی سەر بە قەزای سەید سادق لە میانی دەمەقاڵەی لەگەڵ چەند کەسێک تەقەی لێکراوە و دواتر بە هۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە".
هاوکات کوڕی کوژراوەکە بە پۆلیسی سلێمانی راگەیاندوە کە باوکی لەگەڵ تۆمەتبارەکاندا پێشتر کێشەی هەبووە.
بەپێی زانیارییەکان، کوژراوەکە ناوی (ب. س) و تەمەنی سەروو ٥٠ ساڵە، سەرقاڵی کاری ئاژەڵداری بووە.
پۆلیس دوو تۆمەتباری بە تۆمەتی کوشتنی ئەو هاونیشتمانییە دەستگیر کردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.