شاندێکی دەم پارتی چوونەتە ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی کراوەی پەکەکە لە کۆبوونەوەدان.
ئەمڕۆ هەینی ، ٢٥ی تەممووز، میدیایی نزیک لەدەم پارتی بڵاوی کردووەتەوە، لەسەردانێکی ڕانەگەیەندراودا، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئۆزگور ئێرۆڵ، پارێزەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، چوونە دوورگەی ئیمراڵی و لەگەڵ ئۆجەلان، رێبەری زیندانی کراوەی پەکەکە لەکۆبوونەوەدان.
هاوکات ئەمە شەشەم سەردانی شاندی ئیمراڵییە بۆ لای ئۆجەلان و چاوەڕوان دەکرێت دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ناوبراو تاوتوێ بکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژی رابردوو جەمیل بایک لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ میدیایەکی عەرەبی جەختی لەوە کردەوە کە پەکەکە ئەو هەنگاوانەی ناوە کە پێویست بووە، بۆیە داوا لە تورکیا ناکەین بڕیاری لێبوردنمان بۆ دەربکات، بەڵکوو داوای یاسای ئازاد و دیموکرات دەکەن بۆ هەموو گەلانی تورکیا.