ژمارەی ئەندامانی لیژنە پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی دیاری کرا

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نووسراوی ئاڕاستەی فراکسیۆن و حزبە سیاسییەکان کرد و لە ژمارەی ئەندامانی ئەو لیژنەیە ئاگاداری کردنەوە کە بڕیارەی بۆ ڕاییکردنی کارە یاساییەکانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی پێکبهێنرێت.

ئەمڕۆ هەینی میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە نووسراوێک فراکسیۆنەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە لیژنەیەکی ٥١ کەسیی بۆ جێبەجێکردنی پرسە یاساییەکانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی پێکدەهێنرێت.

کورتوڵموش ڕوونیکردووەتەوە کە ئەندامانی لیژنە پەرلەمانییەکە بەم شێوەیە دابەش کراون:

٢١ ئەندام لە ئاک پارتی، ١٠ لە جەهەپە، ٤ لە دەم پارتی، ٤ لە مەهەپە، ٣ لە ئیی پارتی، ٣ لە یەنی یۆڵ.

هەریەک لە هودا پار کە پارتێکی ئیسلامیی باکووری کوردستانە لەگەڵ یەنی ڕەفاهـ، پارتی کرێکارانی تورکیا، ئەمەک پارتی، پارتی چەپی دیموکرات وپارتی دیموکراتی یەک ئەندامیان لە لیژنەکەدا دەبێت، بەو پێیەش کورد پێنج ئەندامی لە لیژنەکەدا دەبێت.

بەڵام لەبەر ئەوەی پێشتر ئیی پارتی رایگەیاندبوو بەشداری لە لیژنەکەدا ناکات، بۆیە ژمارەی لیژنەکە بۆ ٤٨ ئەندام کەم دەبێتەوە.

لە نووسراوەکەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیادا داوا لە فراکسیۆنەکان کراوە کە ڕۆژی ٣١ی تەمووز دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردنی ناوی ئەندامانی لیژنەکە.




PM:06:35:25/07/2025