بەرپرسێکی حکومەت: کێ لێپرسینەوە لە شاسوار عەبدولواحید و عەلی حەمە ساڵح دەکات؟


جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیران، هێرشدەکاتە سەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ، عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی رەوتی هەڵوێست و دەڵێت" زانیاری ساختە و هەڵە بڵاودەکەنەوەو، کێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکات".

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "
‏کەسانی وەک شاسوار عەبدولواحید و عەلی حەمە ساڵح دژی مووچەدانی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی هەژماری من دەوەستانەوە و بەشێوەیەکی بەرفراوان کەمپینیان لە دژی ئەنجامدەدا".

هەروەها دەشڵێت " ئەوان هەڵسان بە بڵاوکردنەوەی چەندین زانیاریی ساختە کە دواتریش ڕاست دەرنەچوون. کەسانی تری وەک غالب موحەمەد و ئەحمەدی حاجی ڕەشید و هۆشیار عەبدوڵاش ئەم زانیاریە ساختانەیان دووبارە دەکردەوە". 

ئەو بەرپرسە لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت " سەرەڕای ئەمەش  زۆرێک لە خۆیان و ئەندامانی حیزبە سیاسیەکانیان، بەبێ دەنگی خۆیان تۆمارکردووە و ئێستا سوودمەندن لە خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە".

" ئەم کەمپینانە بوونە هۆی دواکەوتنی دەستڕاگەیشتنی هاوڵاتییانی سلێمانی بەم خزمەتگوزارییە، بەتایبەت لەنێو چینی خانەنشینان و مامۆستایان و پزیشکان و هێزەکانی پۆلیس، کە وایکرد بێبەش بن لە ئاسوودەیی دەروونی و تەندروستی و کاتیشیان بکەنە قوربانی ئەم کەمپینە ساختانە"( بەرپرسەکەی حکومەت وا دەڵێت).

لە کۆتاییدا عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت" هاوڵاتییان باجی هەڵمەتێکیان دا کە ئەم کەسایەتیانە هەرگیز خۆشیان بەتەواوەتی باوەڕیان پێنەبوو. ئەوان هاوڵاتیانیان بە هەڵەدا برد. کێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکات؟".




PM:07:40:25/07/2025