لە بارەی مووچەوە وەزارەتی دارایی روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە


سەبارەت بە لێبڕینی ١٪ لەلایەن ( پرۆژەی هەژماری منەوە) وەزارەتی دارایی روونکردنەوە دەدات و دەڵێت" داواکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەمەبەستی تۆمارکردن و دروست کردنی ژمارەی وەزیفی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بڕدراوە."

دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی کە ئەمشەو ٢٥ ی تەموز بڵاوکرایەوە:

ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە.

لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من، چەند پرسیارێک لای فەرمانبەران دروست بووە و لەکاتی وەرگرتنی مووچەکانیان بڕەپارەیەکیان بەراورد بەمانگەکانی پێشوو لێبڕاوە.

١- سەبارەت بەو لێبڕینە کە بڕەکەی تەنها لە ( ١٪ )ی مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەرانە و لەسەر داواکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەمەبەستی تۆمارکردن و دروست کردنی ژمارەی وەزیفی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بڕدراوە.

٢- ئەو لێبڕینی ( ١ ٪ )ە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق بووە، تەنها فەرمانبەرانی هەمیشەیی و ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە دەگرێتەوە کە مووچەکانیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرج دەکرێت، بەهیچ جۆرێک خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی ناگرێتەوە. 

٣- ئەو لێبڕینە تەنها بۆ یەک جارە و لەسەر مووچەی مانگی ئایار لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە جێبەجێ کراوە.

سەرجەم فەرمانبەران دڵنیا دەکەینەوە ئەو بابەتە هیچ پەیوەندی بە پڕۆژەی هەژماری منەوە نییە.

هاوپێچ ؛ بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ژمارە ( ٢٤٩٧٢ ) لە( ٢٠٢٤/١٢/١٨ ) تایبەت بەتۆماری بایۆمەتری.

نووسراوی ژمارە ( ٥١١٨٧ ) لە ( ٢٠٢٤/١٢/١١ ) ی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد تایبەت بەناردنی ژمارەی وەزیفی و ناونیشانی بایۆمەتری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووری
٢٥ ی تەمووزی ٢٠٢٥




PM:08:57:25/07/2025