لە دادگای سلێمانی، دوو کەس بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن" بۆ میتی تورکیا دادگایی کراون، بەڵام تا ئێستا نە دادگای سلێمانی و نە هێزە ئەمنییەکانی سلیمانی هیچ زانیارییەکیان لەمبارەوە بڵاونەکردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، رۆژی پێنج شەممە دوو کەس بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن" بۆ میتی تورکیا دادگایی کراون، دادوەری تایبەت بەدۆسییەکە بەهۆکاری تەواونەبوونی لێکۆڵینەوەکان دانیشتنەکەی دواخستووە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان تۆمەتبارەکان ژنێک و پیاوێکی کوردی خەڵکی شاری سلێمانین و نزیکەی پێنج مانگە بە تۆمەتی تێوەگلان لە کاری "سیخوڕیی بۆ میتی تورک"، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیرکراون، بەڵام تا ئێستا نە دادگای سلێمانی و نە هێزە ئەمنییەکانی سلیمانی هیچ زانیارییەکیان لەمبارەوە بڵاونەکردووەتەوە.
هەردووکیان گومان لێکراوی سەرەکی رووداوی بۆردوومانکردن ئۆتۆمبێلێکن کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە نزیک شارۆچکەی چوارقوڕنە لە ئیدارەی راپەڕین، بەئامانج گیراو تێیدا سێ کەس شەهیدبوون، یەکێک لەوکەسانەی لەو ڕووداوەدا شەهیدبوو، ڕۆژنامەنووس عەزیز کۆیلوئۆغلوو بوو، دوو شەهیدەکەی دیکەش پێکهاتبوون لە پوور و خوشکەزایەکی بەناوەکانی هێڤا عەرەبۆ و دلاوەر عەرەبۆ.