یەکگرتوو داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات پابەندییەکانیان بەرامبەر بە یەکتر جێبەجێ بکەن و مووچە نەکەنە کارتی گوشار لە دژی یەکتر و چارەسەری ڕیشەیی كێشەی مووچە بكەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی تەمموز یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەکەی ڕاگەیاند کە دوێنێ بە سەرۆکایەتی سەعید عەبۆ، سەرۆكی ئەنجومەن و ئامادەبوونی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی و محەمەد ئەحمەد، سەرۆكی دەستەی باڵای چاودێری بەڕێوەچوو.
سەبارەت بە كێشەی دواكەوتنی مووچەی فەمانبەران و مووچەخۆرانی كوردستان، سەکردایەتی یەکگرتوو "جەختی کردەوە لە سەر ئەوەی كە پێویستە هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا پابەندیەكانی خۆیان لەو بارەیەوە جێبەجێ بكەن و كۆتایی بە مەینەتیەكانی مووچەخۆرانی هەرێم بهێنن و چیتر مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران نەكەنە كارتی گوشار دژ بە یەكتر لە پێناو یەكلاكردنەوەی ناكۆكیەكانی نێوانیان”.
هەر لەو بارەیەوە كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەکگرتوو"بە پێویستی دەزانێت كە حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم و لایەن دەسەڵاتدارەكانی كوردستان لەم هەلومەرجە هەستیارو ئاڵۆزەدا كە ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت، پێداچوونەوەی جددی بە سیاسەت و بەرنامەی حكومەتی خۆیاندا بكەن و ئەرك و بەرپەرسیارێتیان بەرامبەر خەڵكی كوردستان بە گشتی ڕاست بكەنەوەو چارەسەری ڕیشەیی كێشەی مووچە بكەن".
ڕاشیگەیاند"پێویستە بە زووترین كات پەرلەمانی كوردستان كارا بكەن كە چەتری یاسایی و شەرعیەتی ئەم هەرێمەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵی یاسایی و چاودێری خۆی بە ئەنجام بگەیەنێت".