وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، وادەی دابەشكردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەستی راگەیاند.
ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٥ وەزارەتی دارایی بڵاویكردەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٥ مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.
ئەوەش روونكراوەتەوە، هەمان ڕۆژ مووچەی مانگی نیسانی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەش دەكرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری ئاماژەی بەوەكردووە، هەر ڕۆژی دووشەممە ( ٢٨ ی تەمووزی ٢٠٢٥ ) مووچەی مانگی ئایاری ساڵی ( ٢٠٢٥ ) و مووچەی مانگەكانی ئاب و ئەیلولی ساڵی ( ٢٠٢٤ ) سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەكرێت كەلەدوای ( ٢٠٢٤/٧/١ ) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاكی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم دامەزراون كەشایستەكانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە کۆتاییەکانی هەفتەی رابردوو بەغدا بڕی ٩٧٤ ملیار دیناری وەک بەشە مووچەی مانگی ٥ی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی هەرێم کرد و ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج دوای سێ رۆژ کۆتایی هات.