پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی چوار کەسی بە تۆمەتی دزیکردن لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی ڕاگەیاند و باسی لەوەشکرد، تۆمەتبارەکان بە نەتەوە عەرەبن و چەند ڕۆژێکە وەک گەشتیار هاتوونەتە هاوینە هەواری دوکانەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دوای ئەوەی چەند خاوەن دوکانێکی زەڕەنگەر لە نووسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سكاڵایان تۆماركرد كە دزیانلێکراوە، بڕیاری دادوەر بۆ دۆسییەکە وەرگیراو هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواچوونەكانیان دەستپێكرد.
دەشڵێت: سەرەنجام توانرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بەهاوکاری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی دوکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمانەوە دەستگیربكرێن.
باسی لەوەشکردووە: لەکاتی دەستگیرکردنیاندا، دەستگیرا بەسەر بڕێک لەو ئاڵتونەی کە تۆمەتباران دزی بوویان. هەروەها دەستگیرا بەسەر ئوتۆمبێلێکدا کە بەتۆمەتباران بووە.
وەک پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی پێداوە، تۆمەتباران بە نەتەوە عەرەبن چەند ڕۆژێکە وەک گەشتیار هاتوونەتە هاوینەهەواری دوکان و لەوێ ماونەتەوە، ڕۆژانە هاتونەتە ناو بازاڕی شاری سلێمانی و بەبیانوی کڕینی ئاڵتون چونەتە چەند دوکانێکی زەڕەنگەریی و لەکاتی مەشغوڵ بوونی خاوەن دوکانەکاندا ئاڵتونیان دزیوە.
"لەئێستادا تۆمەتباران (أ، هـ، م – أ، هـ، م – م، ی، م – ع، م، ع) بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەو بەپێی ماددەی ٤٤٦ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە”، پۆلیسی سلێمانی وای وتووە.