دەم پارتی ئەندامەکانی لە لیژنەی پرۆسەی ئاشتیدا دیاری کرد

دەم پارتی ناوی ئەو کەسانەی ئاشکرا کرد کە نوێنەرایەتی حزبەکەی دەکەن لەو لیژنە پەرلەمانییەی لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا لە تورکیا پێکدەهێنرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەو ناوانەی ئاشکرا کرد کە نوێنەرایەتی دەم پارتی دەکەن لەو لیژنەیەی لە چوارچێوەی کارەکانی پرۆسەی ئاشتیدا لە پەرلەمانی تورکیا دادەمەزرێت.

کۆچیغیت لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا ڕایگەیاند: "بەڵێ، ئەندامانی لیژنەکەمان دیاری کراون. من وەک جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەماهەنگیکار و ھاوڕێیانمان مەراڵ دانش بەشتاش، سەروهان ئۆلوچ و جەنگیز چیچەک ھەموومان بەیەکەوە لەم لیژنەیەدا کار دەکەین. ھێشتا بە فەڕمی ڕاماننەگەیاندووە، لەم ھەفتەیەدا ڕایدەگەیەنین”.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ، باسی لەوە کرد کێشەی کورد بەبێ باس کردنی ھۆکارە سەرەکییەکانی ناتوانرێت چارەسەر بکرێت، پێویستە کۆمیسیۆنەکە دیموکراسیی و ئاشتەوایی لەخۆبگرێت و بە شێوازێک کار بکات کە کێشەکان بە شێوەیەکی ھەمیشەیی چارەسەر بکات.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە نووسراوی فەرمی سەرجەم فراکسیۆنەکانی ئاگادارکردەوە کە لیژنەکە لە ٥١ ئەندام پێکدێت و داوای لێکردن نوێنەرەکانیان دەستنیشان بکەن.



PM:03:27:28/07/2025