ئەندامێكی تری پە.كە.كە دوای ٣١ ساڵ زیدانیكردن ئازاد كرا

ئەندامێكی تری پارتی كرێكارانی كوردستان، دوای بەسەربردنی ٣١ ساڵی  تەمەنی لە زیندانی ( بۆلوو) بەهۆی نالەباری دۆخی تەندروستی، ئازادكرا.

رەمەزان ڤۆڕاڵ، زیندانی سیاسی و كادری پەكەكە، دوای ئازادكردنی رایگەیاند:"ئومێدی ئێمە ئەوەیە، هەموو هاوڕێی زیندانییەكانم ئازاد بكرێن و بەیەكەوە بین. هەموو كەس دەزانێت ئێستا لە پڕۆسەیەكی گرنگی ئاشتیداین و لە ماوەیەكی نزیكدا دەگەین بە ئامانج، ئیدی كورد دەبێت یەكگرتوویی خۆی بپارێزێت و كورد و تورك چەندە یەكگرتوو بێت، پرۆسەكە ئەوەندە زیاتر پێش دەكەوێت."

ڤۆڕاڵ، بەتاوانی تێكدانی ئاسایشی توركیاو ئەندامێتی لە پارتی كرێكارانی كوردستان، لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتە سزای زیندانیكردن درابوو.

ئازادكردنی رەمەزان ڤۆڕاڵ لەكاتێكدا دێت، رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە وەیسی ئاكتاش یەكێك لە هاوەڵانی عەبدوڵا ئۆجەلان-ی رێبەری زیندانكراوی پەكەكە لە زیندانی ئیمراڵی، دوای زیاتر لە ٣١ ساڵ ئازاد كرا.




PM:04:52:28/07/2025