لیژنەی ئەمنیی هەولێر و بەغدا لەبارەی هێرشە درۆنییەکان راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە

لیژنە باڵاکەی حکومەتی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بڕیاریاندا ڕاسپاردەی خۆیان لەبارەی هێرشەکان بۆ محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بەرزبکاتەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەمیندارییەتی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سروشتیی هێرشەکان و ئەو زانیارییانەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەیەوە هەیانە، گفتوگۆی لەسەر کراوە و ڕاسپاردەی لیژنەکەش لەبارەی هێرشە درۆنییەکان ئامادە کران تا بۆ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بەرزبکرێنەوە.
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا ئەعرەجی جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان پێداگرە لەسەر ئەوەی ئاسایشی کوردستان بەشێكی دانەبڕاوە لە ئاسایشی عێراق و هێزە ئەمنییەکان زانیارییەکان لەبارەی هێرشەکان شی دەکەنەوە و هەماهەنگی دوو لایەنەش لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر ئەم بابەتە بەردەوام دەبێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە لەم مانگەدا زیاتر لە ٢٠ هێرشی درۆنی کراونەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، کە بەشێکیان کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیان کردە ئامانج. هەر ئەمڕۆ دوو هێرشی درۆنی پێش گەیشتنی شاندەکە کرانە سەر سنووری پارێزگای هەولێر و بەگوێرەی دژە تیرۆری کوردستان، "هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە."



PM:05:00:28/07/2025