وەزارەتی پەروەردەی هەرێم نووسراوێكی گشتاندنێکی سەبارەت بەڕێكارەكانی پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە بەمامۆستایان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦، بۆ سەرجەم پەروەردە گشتییەكانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان ناردوەو تیایدا مەرج و رێنماییە تازەكانی پێدانی مۆڵەتی بێ مووچە، خاڵ بەخاڵ رووندەكاتەوە.
مەرج و رێنماییەكان ئەمانەن:
- مامۆستا لە رۆژی ٢٤ـی تەمموزی ٢٠٢٥ تا ٢٥ـی ئاب مافی پێشكەشكردنی داواكاری هەیە بۆ مۆڵەتی بێ مووچە.
- لایەنی پەیوەندیدار رای خۆیان بەڕوونی بدەن كە وەرگرتنی مۆڵەتەكە كاریگەریی لەسەر میلاك و بەرژەوەندیی گشتیی نابێت.
- درێژكردنەوەی مۆڵەتی بێ مووچە تەنها ئەو مامۆستایانە دەگرێتەوە كە لەدەرەوەی وڵاتن و لەكاتی مۆڵەتی بێ مووچە گەشتیانكردووە، بەو مەرجەی مافی وەرگرتنی مۆڵەتی بێ مووچەیان مابێت.
- پێویستە دوای پێدانی رەزامەندی بەمۆڵەتی بێ مووچە، مامۆستا لەماوەی كەمتر لە ١٠ رۆژدا دەست لەكار هەڵبگرێت، بەپێچەوانەوە رێكاری یاسایی و كارگێڕیی بەرامبەر لایەنی كەمتەرخەم دەگیرێتەبەر.
- مامۆستایانی ژن لەدوای مۆڵەتی دایكایەتی و دەستبەكاربوونەوە، دەتوانن لەماوەی ١٠ رۆژدا داواكاری بۆ مۆڵەتی بێ مووچە پێشكەشبكەن، بەو مەرجەی ئەو مافەی مابێت.
- هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بێ مووچە لەكاتێكدا دەكرێت كە ماوەی ١٠ رۆژ بەسەر فەرمانی پێدانی مۆڵەتەكە تێپەڕبووبێت.