پەرلەمانتارێکی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، نووسراوێکمان ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە بۆ خەرجکردنی ١٠٠ هەزار دینارەکەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.
نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند'' وەک فراکسیۆنی یەکێتی لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، نوسراوێکمان لە بارەی گەڕاندنەوەی ١٠٠ هەزارەکەی خانەنشیانی هەرێم ئاراستە کرد، کە بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو پێویستە بۆیان بگەڕێندرێتەوە".
ڕاشیگەیاند" سەرۆکوەزیران لای خۆیەوە نوسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی کردووە بۆ وەرگرتنی بۆچوونیان لەسەر ئەو بابەتە".
هەر سەبارەت بە گێڕانەوەی بڕی ١٠٠ هەزار دیناری خانەنشینان، سادق شێخ عوسمان وتەبێژی یەکێتیی خانەنشیانی کوردستان ڕایگەیاند" دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ هەموارکراوی خانەنشینی یەکگرتوو جێبەجێ بکات، خانەنشینانی هەرێم هەمان مافی خانەنشینانی عێراقیان پێبڕا".
وتیشی" پێویستە ئەو بڕە پارەیەیان پێبدرێت، هاوشێوەی خانەنشیانی عێراق و لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە بۆیان هەژمار بکرێت".