نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند" ڕۆژی شەممەی داهاتوو، لیژنەیەکەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان، سەردانی هەولێر دەکات".
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣١ی تەممووز، عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە میدیای پارتی راگەیاند" ڕۆژی شەممەی داهاتوو، لیژنەیەکەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان، سەردانی هەولێر دەکات."
باسی لەوە کرد، لە ماوەکانی ڕابردوو حکوومەتی عێراق لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنابوو بۆ زانینی شوێنی هەڵدانی درۆنەکان، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکردووە.
هاوکات ڕایگەیاند" ئەم جارە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، سەرۆکی لیژنەی لێكۆڵینەوەیە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان".
دەشڵیت" هەرێمی کوردستان و تەنانەت وڵاتانی هاوپەیمانیش چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانن".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای مانگی تەممووزەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٢٠ هێرشی درۆنیی و مووشەكیی كراونەتە سەر شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەو ژمارەیەش ٩ هێرشیان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان بوون، كە بریتی بوون لە كێڵگە نەوتەكانی (خورمەڵە، كۆرمۆر، سەرسنک، ئەتروش، بای حەسەن، پێشخابور، تاوكێ، هەنت ئۆیڵ)هێرشەکانی دیکەش بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەخانەكان بوون.