لاهور شێخ جەنگی رایدەگەیەنێت کە زیادبوونی کاری بە قاچاغبردنی نەوت و دەرمان و خواردنی ماوە بەسەرچوو بە گشتی لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی لە پارێزگای سلێمانی خەریکە دەبێتە هۆی لەکەدارکردنی ناوی ئەم ناوچەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣١ی تەموز، لە شاری سلێمانی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل پێشوازیکرد لە ئەدریان ئایسلستەین، كونسوڵی گشتی نوێی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و دیدارێکیان ئەنجامدا.
لاهور شێخ جەنگی راگەیاند، "لە دیدارەکەدا بیروڕامان ئاڵوگۆڕکرد لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەروەها باسمان لە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد کە بووەتەهۆی خراپبوونی گوزەرانی هاوڵاتییان، هەردوولا هاوڕابووین لەسەرئەوەی پێویستە بەزووی چارەسەری ریشەیی کێشەکان بکرێت و لەمە زیاتر هاوڵاتییان باجی ناکۆکییەکان نەدەن".
لاهور شێخ جەنگی وتی، "سەرەڕای نەبوونی مووچە و خراپی بژێوی، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا و نەمانی دادپەروەری لەنێو دامودەزگا حزبی و حکومییەکان بوونەتە هۆی بێزاربوون و بێهیوابوونی هاوڵاتییان لە دەسەڵات، هەروەها نەمانی متمانەی خەڵک و دەستوەردانی حزبی لە کاروباری دادگاکان لە لایەک و دەستخستنە ناو کاروباری هێزە ئەمنییەکان لەلایەن سەرۆکی یەکێتی لەلایەکی ترەوە، هێندەی تر بووەتە هۆی بێزاری و وەڕەسبوونی هاوڵاتییان و نەمانی متمانەیان بۆ پارێزراوی گیان و ماڵیان، هەربۆیە ئەم دۆخەی کە دروستکراوە چیتر لەلای ئێمە قابیلی قبوڵ نییە و هەڵوێستی توند وەردەگرین بەرامبەر ئەوانەی کە بەرپرسیارن لە تێکدانی ژیانی هاوڵاتییان".
ئەوەشخراوەتەڕوو، لە تەوەرێکی تردا، باسیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، کە پێویستە جیاواز لە هەڵبژاردنی رابردووی هەرێمی کوردستان، دەبێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردبێت و دووربێت لەهەر دەستێوەردانێک، وەک بەرەی گەل جەختی کردەوە لەوەی، "ئەگەر هەڵبژاردنێکی تەندروست و دادپەروەر نەبێت، سەرباری هەموو ئامادەکارییەکانمان بەڵام ئامادەی بەشداریکردنی هەڵبژاردنێکی دووبارە دیزاینکراو نابینەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "لە درێژەی گفتوگۆکانمان، باسمان لە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان کرد کە بە دۆخێکی قورسدا تێدەپەڕن، دەبێت رێگری بکرێت لەو بارودۆخە نەخوازراوەی کە بووەتە هۆی برسی کردنی خەڵک و وەستانی جوڵەی بازاڕ بەهۆی پێنەدانی مووچە و قۆرغکردنی کاری بازاڕ و پیشەوەران، زیادبوونی کاری بە قاچاغبردنی نەوت و دەرمان و خواردنی ماوە بەسەرچوو بە گشتی لە خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی لە پارێزگای سلێمانی خەریکە دەبێتە هۆی لەکەدارکردنی ناوی ئەم ناوچەیە، کە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بەرپرسیارن و هەر خۆشیان یارمەتیدەر و رێخۆشکەرن بۆ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش جگە لە هەولێر و دهۆک کاری قاچاغ و نایاساییەکانی لەم سنوورەوە زیاتر بکات".