ماڵپەڕی شەفافیەتی داهاتی سلێمانی کە هەفتانە داهاتی ئەو دەڤەرەی بڵاودەکردەوە، ئەم هەفتەیە ماڵپەڕەکە هیچی زانیارییەکی رانەگەیاند و ئێستا ئاکتیڤ نەماوە، ئەمەش دوای بڵاوکردنەوە داهاتی هەفتەی پێشوو دێت کە بڕی ٧ ملیار دینار زیادیکردبوو.
ماڵپەڕی شەفافیەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجەو هەردو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، كە هەمو هەینییەك داهاتی هەفتانەی سنورەكەی بڵاودەكاتەوە وێڕای داهاتی مانگانەو ساڵانە، بەڵام ئەمڕۆ هەینی ١ی ئاب، داهاتی ئەم هەفتەیەی بڵاونەكردۆتەوە.
هەینی رابردو، ماڵپەڕەكە بڵاویكردەوە كە داهاتی ئەو هەفتەیەی سنورەكە لە ١٨ی تەموزەوە تا ٢٥ی تەموزی ٢٠٢٥، زیاتر لە ٨٧ ملیار و ٢٢٩ ملیۆن بوو ٨٠ ملیار دیناری بەشێوەی مەقاسە بوو.
دوای ئەو زانیاریانە کە بووە مایەی سەرنجی رای گشتی بە تایبەتی لەو دەمەدا هەرێم و بەغدا رێککەوتنیان کردبوو کە داهاتی هەموو هەرێم ٢٤٠ ملیارە و مانگانە حکومەتی هەرێم دەبێت ١٢٠ ملیار دینار مانگانە رادەستی بەغدا بکات.
ماڵپەڕەكە لە رونكردنەوەیەكدا بڵاویکردەوە" له رێكه‌وتی ٢١ی تەموزی ٢٠٢٥ بڕی ٨٠ ملیار دینار داهات به‌شێوه‌ی (مه‌قاسه) بۆ یه‌كێك له كارگه گه‌وره‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی له سیستمی شه‌فافیه‌ت له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی كاره‌بای دوكان تۆماركراوه".
بەپێی رونكردنەوەكە "به‌وهۆكاره به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو داهاتی مانگی (٧) به‌ڕێژه‌ی ٩٩.٧٪ به‌رزبوه‌وه به به‌راورد به داهاتی مانگی (٦) له ماڵپه‌ڕی شه‌فافیه‌ت".
ماڵپەڕەكە جه‌ختیشی كردەوە، ئه‌م پاره‌دانه نه به‌شێوه‌ی نه‌ختینه یان چه‌ك نه‌هاتۆته ناو بانكه‌كانی سنوری پارێزگای سلێمانی و داهاتی مانگی ٧ به‌ڕێژه‌ی ٦٧٪ له جۆری (مه‌قاسه) بوه.
ماڵپەڕەکە دەڵێت داهات لەم حاڵەتەدا تەنها زیادبونەکەی به ژماره ده‌بینرێت له‌سه‌ر ئه‌و پارێزگایه، نەک بە کاش.