بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسووڵەی خۆراکی هەولێر ڕایگەیاند" وادەی بە ئەلیکترۆنی کردنی پسووڵەی خۆراک تا کۆتایی ئەم مانگە درێژکراوەتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن بە خۆڕایی خۆیان تۆمار بکەن".
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، ڕاگەیاند" دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، کاتی پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی خۆڕایی، تا کۆتایی ئەم مانگە درێژ کرایەوە".
باسی لەوەش کرد" لە سەرەتای مانگی داهاتوو (ئەیلوول) بەدواوە، هەر هاووڵاتییەک ئەگەر بیەوێت پسووڵەکە بکاتە ئەلیکترۆنی، پێویستە بڕێک پارە بدات، بە گوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بڕی پارەکە بۆ هەر مامەڵەیەک ١٠ هەزار دینارە، بەڵام وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێم داوای کردووە بکرێتە پێنج هەزار دینار".