شاخەوان عەبدوڵا: ناوی ئەو کەسانەمان لایە کە بەرپرسن لە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێم

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت"  ناوی ئەو کەسانەمان لایە کە بەرپرسن لە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان ".

ئەمڕۆ شەممە ٢ی ئابی ٢٠٢٥، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی حکوومەتی عێراقی ئاگەدارکردووەتەوە لەوەی، ئامادەیی هەیە نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی سۆمۆ بکات"، ڕایگەیاند" لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کۆبوونەوەتەوە و ئەوان پێیان وایە نابێت حکوومەتی عێراق درێژە بە کێشەکانی مووچەبدات، هاوکات فشارێک هەیە بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە هەناردەکردنەوەی نەوت".

لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی شەش، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت" ڕێکارەکان لەلای ئێمە تەواو بووە، ئەوەی ماوەتەوە لەلای حکوومەتی عێراقە، من پێم وایە کێشەی نەناردنی مووچە سیاسییە نەک تەکنیکی، ئەوەتا مووچەی مانگی پێنجیان بەبێ بڕیاری دادگەی فیدراڵ نارد،  لەکاتێکدا سەرەتا بیانوویان ئەوەبوو کە دەیان گووت دەبێت بڕیارەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پێمان بگات پاشان مووچە خەرج دەکەین، بەڵام واش نەبوو".

 هەروەها لەبارەی ڕازیبوونی حکومەتی عێراق بەو بڕە نەوتەی کە دیاریکراوە، وتی" حکوومەتی عێراق خۆیان بەدواداچوونیان بۆ کێڵگە نەوتییەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان کردووە و ئێستا بەرهەمهێنانی نەوتی لەلای حکومەتی عێراق دیار و ئاشکرایە و دەزانن لە ئێستادا چەند بەرمیل نەوت لە کێڵگەکان بەرهەمدێت".

سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستانیش، شاخەوان عەبدوڵڵا وتی" حکوومەتی عێراق دەزانێت کێ هێرشەکانی کردووە، بۆیە پێویستە سزای ئەوان بدەن، نەوەک سزای خەڵکی کوردستان، ئێمە ناوەکانمان لایە، دەزانین چ گرووپێکن، لەماوەی ٤ڕۆژدا لە ١٤ی مانگ تاکوو ١٨ی مانگ، ١٤ درۆن ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون، دەڵێت" ئێستا چەند بەرهەم هەیە، هێندە نەوتە ڕادەست دەکرێت، کاتێک کێلگەکان کەوتنەوە کار و بەرهەمەکان زیاد بوون، بەرهەمی زیاتر ڕادەست دەکرێت".




PM:02:11:02/08/2025