عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا دانی بەوەدا ناوە کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ شەرع بە لاوازی بەڕێوەدەچێت.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات '' هەسەدە'' لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیندیان ئێکسپرێس ڕایگەیاند'' کار بۆ فراوانکردن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی ١٠ی ئاداری ڕابردوو دەکەن، کە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا ئیمزاکراوە.''
ئاشکرای کرد کە ڕەزامەندییان لەسەر تێکەڵکردنی هێزەکانیان لەگەڵ سوپای سووریا نیشانداوە، بەڵام جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ١٠ خاڵییەکە "بەلاوازی" بەڕێوەدەچێت و لە ئێستادا کار لەسەر وردەکارییەکانی دەکەن بۆ جێبەجێکردنی.
ئەمە لە کاتێکدایە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی سوریا زیادی کردوە و هەر یەک لە مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە ژێر فشارێکی زۆری نێودەوڵەتین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان.