ئەمڕۆ ١١ ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان لە قەزای شنگال تێدەپەڕێت کە بەهۆیەوە هەزاران کەسیان بوونە قوربانی و هەزارانیان رفێندران و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەكەش ئاوارەبوون.
چەکدارانی داعش لە ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ هێرشیانکردە سەر قەزای شنگال و لە ئەنجامدا ، هەزاران هاوڵاتیی ئێزدی بوونە قوربانی و سەرنگوم و کۆمەڵکوژکران و بە هەزاران کەسی تریشیان لە لایەن تیرۆریستانەوە رفێنران، نزیکەی ٥٥٠ هەزار هاونیشتمانیی ئێزدی ئاوارەی چیای شنگال و رۆژئاوای کوردستان بوون، کە دواتر زۆربەیان گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە کەمپەکاندا نیشتەجێبوون.
هەرچەندە لە ١٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ شەنگال لە دەستی چەکدارانی داعش رزگارکرا و بەشێک لە هاوڵاتییانی ناوچەکە گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام تا ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی لە شەنگال رفێندرابوون چارەنووسیان نادیارە، هێشتا ژمارەیەک گۆڕی بە کۆمەڵ ماون هەڵبدرێنەوە و ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرابکرێن کە ئێزدین و رووفاتەکانیان لەو گۆڕانەدا ماون.
ئەم رووداوە کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە و تاوەکو ئێستاش کاردانەوەکان بەردەوامە،تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٠ وڵات و ئەنجوومەنی جیهانی، کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە.