دەمپارتی، داوای ئازاد کردنی هەر یەک لە دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ دەکات، دەڵێت'' دیموکراسیکردنی تورکیا لە ڕێگەی ئازادیی سیاسییەوە دێتە ئاراوە.''
سێزای تەمەلی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان ''دەمپارتی'' لە دواین لێدوانیدا ڕایگەیاند'' کۆمیسیۆن دەبێت کاری جیددی بکات و کۆتایی بە بابەتی زیندانیانی سیاسی بهێنێت. پێویستە زیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ کۆتایی پێبێت و ئەوانەی بەهۆی سیاسەتەوە ناچار بە ئاوارەیی بوون بگەڕێندرێنەوە. ''
وتیشی'' دیموکراسیکردنی تورکیا لە ڕێگەی ئازادیی سیاسییەوە دێتە ئاراوە، ئەم کارە لە ڕێگای چارەسەری دیموکراسیانە بۆ پرسی کورد ئەنجام دەدەین.''
جەختیشی کردەوە لەوەی، کۆمیسیۆن دەبێت مەرجەکانی سیستەمێکی یاسایی گشتگیر و هێنانەدی دیموکراسی جێبەجێ بکات و پێویستە هەلومەرجی کارکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دابینبکرێت تاوەکوو بتوانێت پرۆسەکە بە تەواوی بەرەو پێش ببات.