(زەینەب جەواد) لە كاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنی ئایندە دورخرایەوە

كۆمسیۆن كاندیدبوونی ژنە پارێزەرێكی لە هەڵبژاردن دورخستەوە كە بەمدواییە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە رفێندراوەو پێشتر دژی هەمواری یاسای باری كەسێتیی بووە. 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دوو كاندیدی هاوپەیمانی (البدیل)ی لە هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمان دورخستنەوە لە نێوانیاندا ژنە پارێزەرو چالاكوانێكی دیار بە ناوی (زەینەب جەواد). 

بەگوێرەی راگەیەنراوی کۆمیسیۆن هۆکاری دورخستنەوەی ئەم دوو كاندیدە لە هەڵبژاردنی ئایندە، ئەوەیە پێداویستییەكانی خۆكاندیدكردنیان تەواو نەكردووە. 

ئەوەش لە کاتێکدایە کە زەینەب جەواد بەمدواییە لەلایەن هێزێكی حەشدی شەعبییەوە راگیراو دەست بەسەر موبایلەكەیدا گیرا و ژمارەیەك وێنەی تایبەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، ئەمە ناڕەزایەتییەكانی دژ بە هەڵسوكەوتەكانی حەشد لەبەرامبەر چالاكوانانی مەدەنی زیاتر كرد. 

زەینەب جەواد سەرباری ئەوەی یەكێك لە بەشداربووانی خۆپیشندانەكانی تشرینی ٢٠١٩ی عێراق بووە،  ساڵی رابردوو لەسەردەمی پرۆژەی هەمواری یاسای باری كەسێتیی عێراقیدا زیاتر ناوبانگی پەیدا كرد، ئەم ژنە بە گژ هەموارەكەدا رۆیشتەوە كە لایەنە شیعەكان پشتیوانییان لێ دەكرد، ئیتر لەوكاتەوە لەلایەن شیعەكانەوە بە ئامانجگیرا. 

دورخستنەوەی زەینەب لە كاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنی ئایندە لەكاتێكدایە هێشتا ناڕەزایەتییەكان دژ بە دەستبردن بۆ ژیانی تایبەتی ئەم ژنە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، كۆتایی پێنەهاتووە.

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوبچێت. 




PM:05:56:04/08/2025