سەرۆکی شارەوانی سەیدسادق دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کرد و دەڵێت'' سەختترین کار لە سەیدسادق ئەوەیە، بێلایەنێکی پاکی دەستەمۆنەکراو بیت.''
سەرۆکی شارەوانیەکە لە نوسراوێکی فەڕمیدا ڕایگەیاند'' بەڕێزان من ئەندازیار ( حمزە محمد ڕشید ) ماوەی (٤)ساڵ و (٧) مانگە وەک سەرۆکی شارەوانیی سەیدسادق دەستبەکارم ، لەم ماوەیەدا خودا و خەڵکی ویژدانساغ بە شاهێد دەگرم، کە چەند دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە و لێبڕاوانە و بێلایەنانە کارم کردووە و هەوڵمداوە خزمەتی خەڵکە بەشمەینەت و پەراوێزخراوەکەی شاری سەیدسادقی ئازیز بکەم ئێستاش داوای بەخشین لە پۆستەکەمان دەکەین.''
وتیشی'' لەماوەی دەستبەکاربوونمان بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانمان و خزمەتی شارەکە ، زیاد لە ( ٥٠ ) جار سەردانی هەولێری پایتەختمان کردووە، لە ئەنجامدا لە ڕێگەیەوە توانیومانە بڕی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی بچوک و مامناوەند و گەورە لە شارەکەماندا جێبەجێبکەینوە چەند پرۆژەیەک بخەینە بواری جێبەجێ کردن و بانگەوازەوە ''
لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەکردوە، بێلایەنی و نەچوونەژێرباڵ و چەپۆکی خواستی کەسیی هیچ بەرپرسێکی حیزبیی و حکومیی بەداخەوە ئەمە لە قەیرانی دروستکراوی دارایی خراپتر زیانی بە حوکمڕانیی ئەم هەرێمە گەیاندووە. بەجۆرێک دەتوانین بڵێین لە بازنەی دەسەڵاتدارێتی ئەم هەرێمەدا، سەختترین کار ئەوەیە، بێلایەنێکی پاکی دەستەمۆنەکراو بیت و ئەهلی خونکیکردن و چاوپۆشیی نایاسایی نەبیت.