وتەبێژی "ئەپیکور" رایگەیاند، پابەندن
بە ماددەى ١٢ی یاسایی بودجەی عێراق بۆ تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بە ١٦ دۆلار،
دەشڵێت "لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت هەرێم و بەغدا لە گفتوگۆ بەردەوامن".
مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتئ
کوردستان "ئەپیکور" بە میدیای یەکێتی وت "گفتوگۆکانی نێوان هەردوو
حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەى دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەردەوامە
و ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکەینەوە کە باس لەوە دەکەن کۆمەڵەکەمان تێچووی دەرهێنان و
گواستنەوەی نەوتی رەتکردبێتەوە".
وتیشی "ئەو ١٦ دۆلارەی بۆ دەرهێنان و
گواستنەوە دانراوە بەگوێرەی ماددەى ١٢ی یاسای بودجەی عێراقە و بەشێوەکی کاتی بۆ
ماوەی دوو مانگ دەبێت و پاشان کۆمپانیایەکی وردبینی جیهانی بەگوێرەى هەر کێڵگەیەک،
پێداچوونەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان دەکات".
وتەبێژەکەی ئەپیکور، دووپاتیکردەوە، کۆمپانیاکانى
کۆمەڵەکە پابەندن بە یاسای بودجەی عێراق و لەو بارەیەوە هیچ گرفتێکیان نییە.
سەبارەت بە مەرج و داواکارییەکانیشیان، کاگینز
ئاشکرایکرد "مەرج و داواکارییەکانمان وەکو خۆیەتی و هیچ گۆرانکارییەکی بەسەردانەهاتووە،
کە ئەویش رێککەوتنی نووسراوە تیایدا شایستە داراییەکانی پێشووتر و داهاتووشمان گرەنتی
بکرێت".
جێی باسە، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان
ناسراو بە (ئەپیکور) لە ٨ کۆمپانیای نەوتی جیهانی پێکهاتووە کە ٦٠%ـی بەرهەمهێنانی
نەوتی هەرێمی کوردستانیان لایە و پێش هێرشە درۆنیییەکان رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتیان
بەرهەمدەهێنا.