بەرپرسێکی پەکەکە داوا دەکات لیژنە پەرلەمانییەکە لەگەڵ ئۆچالان کۆبێتەوە


ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) مستەفا قەرەسوو، داوا دەکات یەکەم دیداری لیژنە پەرلەمانییەکەی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان سازبکرێت و دەڵێت" بەبێ گفتوگۆکردن و قسەکردن لەگەڵ ئاپۆ، ئەم لیژنەیە ناتوانێت بەپێی پێویست کارا بێت."

مستەفا قەرەسوو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیا خەبەر کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ـی ئاب بڵاوکراوەتەوە لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و پێکهێنانی لیژنەی پەیوەندیدار بە ڕەخساندنی زەمینەسازی یاسایی بۆ پرۆسەکە دواوە.

مستەفا قەرەسو، پێکهێنانی لیژنەی "یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا بە هەنگاوێکی "واتادار" ناوبرد، بەڵام سەرکەوتنی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەی بە چەند مەرجێکی بنەڕەتییەوە بەستەوە، کە لە سەرووی هەموویانەوە دیالۆگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و جێبەجێکردنی بڕیاری "مافی هیوا" دێت.

قەرەسو، ئاماژە بەوەش دەکات هەرچەندە پەرلەمان شوێنی چارەسەرکردنی پرسی کوردە، بەڵام لیژنەکە بە چەندین کەموکوڕییەوە دەستیپێکردووە. ئەو ڕەخنەی لەوە گرت کە ماوەی کارکردنی لیژنەکە کە بۆ٢-٣ مانگ دیاریکراوە، ئەم ماوەیەش بە هیچ شێوەیەک بەشی چارەسەرکردنی کێشەیەکی سەد ساڵە ناکات. 

ئەو نیگەرانیی سەرەکیی خۆی نەشاردەوە کە لیژنەکە تەنها کار لەسەر "دۆخی ئەو گەریلایانە بکات کە چەک دادەنێن" و خۆی لە چارەسەری ڕیشەیی کێشەکە بدزێتەوە، کە بریتییە لە دیموکراتیزەکردنی تورکیا و داننان بە مافەکانی گەلی کورددا.

قەرەسوو باس لە دۆخی ئۆجالان لە زیندان و پشتگوێخستنی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە پێدانی "مافی هیوا" کرد. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورکیا ١٠ ساڵە ئەم بڕیارە جێبەجێ ناکات و ئەمەش بە "ئاستەنگێکی گەورە" لە بەردەم پرۆسەکەدا دەزانێت.

 
قەرەسوو ئامادەیی بزووتنەوەکەیانی بۆ گۆڕینی شێوازی خەبات لە چەکدارییەوە بۆ مەدەنی و سیاسی دووپاتکردەوە، بەڵام ئەم هەنگاوەی بەستەوە بەوەی کە دەوڵەتیش هەنگاوی پێویست بۆ ئەمە بنێت. ئەو هۆشداری دا کە ئەگەر کەشێکی دیموکراتی نەڕەخسێندرێت، هەر گەریلایەک کە چەک دابنێت و بگەڕێتەوە، مەترسیی دەستگیرکردنی لەسەر دەبێت، ئەمەش پرۆسەکە بێواتا دەکات.

لە سیاسەتی دووفاقیی تورکیا دەگرێت و دەڵێت "چۆن دەبێت لە ناوخۆ باسی برایەتی کورد و تورک بکرێت، کەچی هەڕەشە لە خوشک و براکانمان بکرێت لە ڕۆژئاوای کوردستان؟" ئەو بە پێویستی دەزانێت پرۆسەی ئاشتی سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە کوردانی رۆژئاوای کوردتانیش بگۆڕێت".




PM:02:31:06/08/2025