وادەی بڕیاردان لە ناردنی مووچەی هەرێم ئاشکرا کرا


پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایدەکات کە ئەگەر زۆرە رۆژی یەک شەممە بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەشی هەرێم بدرێت.


شوان کەلاری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" کۆبوونەوەکەی سێ شەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق زۆر باش بووە و بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەدابوون، کە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، بڕیار لەسەر مووچەی مانگی شەش بدەن".

لە درێژەی لێدوانەکەدا، کەلاری دەڵێت" ئەم بەیانییە حکومەتی هەرێم وەفدی ناردە بەغداد و تەنها ئەوە ماوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لە مووچە بدات؛ هەموو ئەگەرەکانیش بەو ئاراستەیەن، رۆژی یەکشەممە مووچەی مانگی شەش بنێردرێت".

"حکومەتی عێراق گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم تەنها دەتوان ١٣٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرهەمبهێنن"( پەرلەمانتارەکەی پارتی وا دەڵێت).

هەرچەندە بڕیاربوو رۆژی سێ شەممە بە ئەرێنی، یان نەرێنی بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم بدرێت، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی راپۆرتی وەزارەتی داراییەوە خرایە هەفتەی داهاتوو، بڕیاریشە یەک شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبێتەوەو بڕیارێک لەو بارەیەوە بدات.




PM:02:48:06/08/2025