کۆمپانیای شاماران: زیاتر لە ٣٥ ملیۆن دۆلار داهاتمان لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێم هەبووە

کۆمپانیای شاماران ڕایدەگەیەنێت کە دوای هێرشە درۆنییەکان بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی ئەتروش و سەرسنک دەستیپێکردووەتەوە و داهاتیشیان لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بە ڕێژەی ٥٦% زیادی کردووە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، گارێت سۆدێن، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەبەجێکاری کۆمپانیای شاماران ڕایگەیاند" شاماران لە ڕاگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی لە کێڵگەکانی ئەتروش و سەرسنک لە چارەکی دووەمی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە ٦٣.٨ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە بەراورد لەگەڵ چارەکی دوووەمی پاردا ١٦% زیادی کردووە".

ڕوونیشیکردەوە کە ڕۆژانە لە کێڵگەی ئەتروش تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوت ٣٥.١ هەزار بەرمیل  و لە سەرسنکیش ٢٨.٧ هەزار بەرمیل بووە.

شاماران ئەوەشی خستەڕوو کە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی مانگی ڕابردوو بەرهەمهێنان لە هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسنک بۆ ماوەیەک ڕاگیرا، بەڵام ئێستا بەرهەمهێنان لە کێڵگەی ئەتروش بە تەواوەتی دەستیپێکردووەتەوە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ نیوەی توانای بەرهەمهێنان لە کێڵگەی سەرسنک وەک خۆی لێ نەیەتەوە.

جەختیشیکردەوە کە ئێستا لە سەرسنک بە نیوەی توانای کێڵگەکە نەوت بەرهەمدەهێرێت.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، داهاتی شاماران لە چارەکی دووەمی ٢٠٥٥ گەیشتووەتە ٣٥.٤ ملیۆن دۆلار، کە ٥٦ % بەرزبووەتەوە بە بەراورد بە چارەکی دووەمی ٢٠٢٤  ئەمەش بەهۆی زیادبوونی فرۆشتنی نەوت لە بازاڕی ناوخۆ و زیادبوونی پشکی کۆمپانیاکە لە کێڵگەی ئەتروشەوە بووە.



PM:01:58:07/08/2025