شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنیت سبەینێ هەینی پلەکانی گەرما ٢ پلە دادەبەزێت و لە ١٦ و ١٧ی مانگەوە شەپۆلی گەرما کۆتایی دێت.
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئاب لە ماڵپەری تایبەتی خۆی لە فەیس بووک بڵاویکردەوە" سبەی هەینی ٨ی ئاب بەڕاورد بە ئەمڕۆ پلەکانی گەرما بە رێژەی ٢ پلە نزمدەبنەوە و لە دوو سبەی شەمەوە بەهەمان رێژەی ئەمڕۆ و رۆژانی ڕابردوو بەرزدەبێتەوە".
دەشڵێت" وەک پێشتریش باسمانکرد هیچ شەپۆلێکی زۆر بەهێزی گەرما پێشبینی ناکرێت بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەهەمان رێژەی گەرمی کە ئێستا هەیە گەرمای هاوینە لەناوچەکانمان بۆ رۆژانی داهاتوو بەردەوامی ئەبێت ، وە لەسبەی بەدواوە بەتایبەت لەناوچە شاخاوی و نیمچە شاخاویەکان گۆرانکاری بنەرەتی بەسەر پلەی گەرمی کاتەکانی شەواندا دێت و سات بۆ سات هەست بەگۆرانکاری و فێنکبوونی کەشوهەوا دەکرێت ."
سەبارەت بە کاتی کۆتایی هاتنی گەرمای هاوینە ئەو شارەزا کەشناسییە دەڵێت" لە ١٦و ١٧ی ئەم مانگەوە بەگشتی ئەچینە نێو قۆناخێکی نوێ کەئەویش نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمایە لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و کۆتای بەو شەپۆلە گەرمایە دێت کە ماوەیەکی زۆرە لەسەر ناوچەکانمان جێگیربووە ، واتا لەو رێکەوتە بەدواوە بەشێوەیەکی ئاسایی گەرمای هاوینی ئەمساڵ کەمدەبێتەوە".