کۆنفرانسی حەسەکە داوای لامەرکەزی لە سوریا دەکات

لە پاش کۆتایی هاتنی کۆنفڕانسی حەسەکە سەرجەم لایەنە بەشداربووەکان داوای لامەرکەزیەت لە سوریا دەکەن. 

کۆنفرانسی یەك هەڵوێستی پێكهاتەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لە حەسەكە كۆتایی هات و بەشدارانی كۆنفرانسەكە لە راگەیەندراوی كۆتاییدا داوای دەستورێكی دیموكراسی و سیستەمێكی لامەركەزی بۆ سوریا دەكەن و دەشڵێن'' ئەوەی لە سوریا بەرامبەر بە عەلەوی، دروز و مەسیحییەكان كرا، تاوانی دژی مرۆڤایەتییە و پێویستە لێكۆڵینەوەی بێلایەن بۆ بە دیاریكردنی تاوانبارانی ئەو كردەوانە بكرێت.''
راگەیەندراوی كۆتایی كۆنفرانسەكە لەلایەن حەسەن فەرحان، سەرۆكی ئەنجومەنی هۆزی "تەی" عەرەبییەوە خوێندرایەوە كە تێیدا ئاماژە بە قوڵایی مێژویی و دەوڵەمەندیی كولتوریی پێكهاتەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریاو پەراوێزخستن و بەدەركردنیان لە سیستەمە مەركەزییە یەك لەدوای یەكەكانی سوریادا لە ماوەی چەند دەیەیەكی دورودرێژ بەتایبەت لەسەردەمی رژێمی پێشودا دراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەوەی لەم قۆناغە مێژوییە یەكلاكەرەوەیەی سوریادا رودەدات بەتایبەت ئەوەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی كەناراوەكانی سوریاو هەروەها سوەیدا و مەسیحییەكان كرا، تاوانی دژی مرۆڤایەتین و پێویستییان بە لێكۆڵینەوەی بێلایەن و كاركردنە بە شەفافیەت بۆ دیاریكردنی تاوانبارانی ئەو كردەوانە كە هەر كەسێك بن، چونكە ئەوە تاوانە دژبە هەقی كۆی شیرازەی نیشتمانی.
جەختیشی كردۆتەوە كە فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و كولتوری لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا سەرچاوەیەكی دەوڵەمەند و بەهێزە و جەختیشی لە پتەوكردنی ئەم فرەییە كردۆتەوە لە دامەزراوە سیاسی و ئیدارییەكاندا لەپێناو گەرەنتیكردنی نوێنەرایەتی تەواوی پێكهاتەكان بەشێوەیەك ببێتە مایەی بەهێزكردنی یەكێتیی كۆمەڵگە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە نمونەی ئیدارەی خۆسەر، ئەزمونێكی هاوبەشییەو توانای پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی هەیە و نمونەیەكی زیندوی حكومڕانی كۆمەڵگەی دیموكراسییە.

هەروەها بەپێی راگەیەندراوەكە، بەشدارانی كۆنفرانسەكە پێزانینی خۆیان بۆ قوربانییەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە دەربڕی لە بەرگریكردن لە ناوچەكەو شكۆی گەلەكانی و تێیدا ئەوەش هاتوە، هەسەدە ناوكێكی پێویستە بۆ بونیادنانی سوپایەكی نوێی نیشتمانی سوری كە سوپایەكی پیشەیی و خۆبەخشانە بێت بەشێوەیەك كە نوێنەرایەتی راستەقینەی كۆمەڵگەی سوری بكات و بەرگری لە سنوری وڵات و سەلامەتی خاكەكەی بكات.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە، بەشدارانی كۆنفرانسەكە پێیان وایە راگەیاندنی دەستوریی ئێستا خواستەكانی گەلی سوریا بۆ ئازادیی و شكۆی مرۆیی ناهێنێتەدی، پێویستە چاوی پێدابخشێنرێتەوە بەشێوەیەك كە بەشدارییەكی فراوانتر و نوێنەرایەتییەكی دادپەروەرانە بۆ قۆناغی راگوزەر، مسۆگەر بكات.

هەروەها كۆنفرانس جەختی لە گرنگی پێداچونەوە بە دابەشكارییە ئیدارییەكانی ئێستادا كردۆتەوە بەشێوەیەك كە بگونجێت لەگەڵ واقیعی دیمۆگرافی و گەشەپێدانی سوریادا و رەنگدانەوەی تایبەتمەندی جوگرافی و مێژویی و كولتوری كۆمەڵگە لۆكاڵییەكان بێت.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتوە، كۆنفرانس گفتوگۆی لەبارەی رێككەوتنەكەی 10ی ئازاری نێوان هەسەدە و حكومەتی راگوزەری سوریا و دەرئەنجامەكانی كۆنفرانسی یەكهەڵوێستی كورد كرد و جەختی لە پابەندبون پێیانەوە كردەوە وەك هەنگاوێكی بونیادنە بەرەو گەیشتن بە رێككەوتنێكی نیشتمانی گشتگیر.

هەروەها كۆنفرانسەكە داوای بەستنی كۆنگرەیەكی نیشتمانی سوری گشتگیر دەكات كە تێیدا هێزە نیشتمانی و دیموكراسییە جیاجیاكان بەشداری بكەن بەشێوەیەك كە ببێتە یاریدەدەر بۆ رەسمكردنی شوناسی نیشتمانی راستەقینە بۆ تەواوی سورییەكان.

لە كۆتاییشدا جەخت كرایەوە لەوەی كە ئەو بەڵگەنامەیەی لە ئەنجامی ئەم كۆنفرانسە هاتۆتە ئاراوە و ناوەڕۆكی بەڵگەنامەكە، گوزارشت لە ئیرادەیەكی ئازاد و هۆشیارییەكی بەكۆمەڵی هاوبەش دەكات لەگەڵ سوربون لەسەر بونیادنانی سوریایەكی ئازاد و یەكگرتو و دیموكراسی و فرەچەشن و لامەركەزی كە تێیدا یاسا سەروەر بێت و شكۆی مرۆڤ بپارێزرێت و هەموان تێیدا بە ئازادی و بە یەكسانی بژین.

بەپێی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، بڕیارە لە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتودا ئەو بەڵگەنامەیە ئاشكرابكرێت كە بەشداربونی كۆنفرانسەكە لەسەری رێككەوتون.




PM:04:03:08/08/2025