لە کاتێکدا جێگر سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی حکومەتی هەرێمدا هیچ تێبینیەکیان نییە لەسەر چۆنێتی ئیدارەدانی ناکۆکییەکان لەسەر مووچە و نەوت لەگەڵ بەغدا، وتەبێژی فراکسیۆنەکەیان لە بەغدا حکومەتی هەرێم تۆمەتبار دەکات بە " جیبەجێنەکردنی رێککەوتنەکان".
سۆزان مەنسور، وتەبێژی فراكسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ كەناڵی (العهد) دەڵێت " گەلی کوردستان باجی پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی كورستان بە رێککەوتنەکان دەدات".
لە درێژەی قسەکانیدا داوای لێپرسینەوە لە حکومەتی هەرێم دەکات لەلایەن بەغداوەو دەڵێت" ئەرکی دەوڵەتە لێپرسینەوە لە حکومەتی هەرێم بکات ئەگەر پابەند نەبێت بە یاساوە".
" هەندێک لە هاوڵاتیانی هەرێم بەهۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانەوە تەنانەت خاوەنی هەزار دیناریش نین".( سۆزان مەنسور وا دەڵێت ).
هەروەها رەخنە لە دواكەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمیش دەگرێت و رێکنەکەوتنیان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ بۆ ناکۆکی لەسەر چەند خاڵێک دەگەڕێنێتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی شەش و حەوتیان وەرنەگرتووە کە ئێشتا ٨ ی مانگی ئابە.