ئەندامی کۆنسەی جێبەجێکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە ) موراد قەرەیڵان نامەیەک ئاراستەی لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق دەکات و داوا دەکات گەرمارۆی سەر کەمپی مەخمور هەڵگرن، " گەر نا گەرێلا دەنێرینەوە بۆ بەرگریکردن لە کەمپەکە".
لە پەیامێکدا موراد قەرەیڵان رۆژی ٨ ی ئاب ئاراستەی سەرۆک کۆماری عیراق لەتیف ڕەشید و حکومەتی عێراقی کردووە تیایدا هاتووە " کاتێک دەوڵەتی عێراق و هەموولایەنەکانی دیکە لەبەر هێرشی داعش ڕایانکردن خەڵکی کامپی پەنابەرانی مەخموور ناوچەکەیان پاراست، ئێستاش فشاریان کردووەتە سەر کامپەکە و ڕێبازی جۆراجۆری ناڕەوایان لەسەر بەڕێوەدەبەن".
بەپرسە باڵاکەی پەکەکە دەشڵێت " ئێمە جێگاکانی خۆمان تەسلیمی سوپای عێراق کرد و کشاینەوە، بەڵام باوەڕمان نەدەکرد ئەوان وەها بکەن، گوتیان پەنابەرانی کامپەکە میوان ئێمەن بەڵام دەوروباریان گرتوون و گەمارۆیان خستووەتە سەریان، ناهێڵن نەخۆشەکانیشان بۆ چارەسەری بچنە دەرەوە، ئێستا هەوڵ دەدەن دەروبەریان تەلبەند بکەن و بیکەنە گرتوخانەیەکی داخراو.
دەتانەوێت بەدیلیان بگرن؟ ئەوە شەرم نیە؟ ئەگەر بەو شێویە بەدەوام دەبن ئەوا بێدەنگ نابین و جارێکی دیکە گەریلا دەگەڕێنینەوە ئەوێ".
موراد قەرەیڵان دەشڵێت "خەڵکی کامپی مەخموور سەریان لەبەرامبەر کەس دانەنەواندووە و نایکەن، جاشایەتیان قبوڵ نەکرد و نایکەن بۆیە بوونە پەنابەر.ئایا دەکرێت بەم شێوەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو خەڵکەدا بکەن. عەیبێکی گەورەیە بۆ دەوڵەتی عێراق بەم شێوەیە لەگەڵ کامپی مەخموور هەڵسوکەوت دەکەن لەکاتێکدا دنیایەک کێشەی خۆیان هەیە".
ئەندامەکەی کۆنسە بانگەوازی لە سەرۆک کۆماری عێراق لەتیف ڕەشید دەکات و داوای لێدەکات دەستوەردان لەو دۆخە بکات و دەڵێت " ئەو سەرۆک کۆمارێکی کوردە دەبێت خاوەنداری لە کوردانێک بکات کە زوڵمایان لەبەرامبەر دەکرێت، دەبێت کۆتایی بەو گەمارۆیە بهێندرێت کەلەسەر کامپی مەخموور هەیە".