ئۆجەلان پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە

میدیای نزیک لە پەکەکە بڵاویکردووەتەوە کە رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پەیامێکدا بۆ دانیشتووانی کەمپی مەخموور دەڵێ، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چارەسەری ''دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆتان''.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی رۆڵی ئەو پەنابەرە کوردانەی باکووری کوردستان لە پرۆسەی چارەسەری وتوویەتی''باوەڕم وایە گەلەکەمان لە مەخموور، هەروەک چۆن لە رابردوودا کۆڵەکەی سەرەکیی تێکۆشانمان بوو، لە پرۆسەی بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیشدا هەمان رۆڵ و ئەرک لە ئەستۆ دەگرێت''.

دەقی پەیامەکەی ئۆجەلان:

سڵاوی گەرمی خۆم ئاراستەی تەواوی گەلەکەمان دەکەم کە لە مەخموور دەژین. گەلەکەمان لە مەخموور، لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیماندا رۆڵێکی زۆر گرنگی گێراوە و خاوەن بەهایەکی گەورە بووە. سەرەڕای هەموو سەختییەکان، بە کردەوە سەلماندیان کە بەرخودان ژیانە، پاڵەوانی گەورەیان پێگەیاند و باری قورسی تێکۆشانیان بە سەرکەوتوویی هەڵگرتووە. دۆخ هەرچییەک بێت، سەلماندوویانە کە ژیانی ئازاد لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. خاوەن سووربوون و ماندووبوونێک بوون کە شایستەی گەلی کورد و تێکۆشانەکەی بێت.
 
باوەڕم وایە گەلەکەمان لە مەخموور، هەروەک چۆن لە رابردوودا کۆڵەکەی سەرەکیی تێکۆشانمان بووە، لە پرۆسەی بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراسیشدا هەمان رۆڵ و ئەرک لە ئەستۆ دەگرێ. وەک هێزی داینامیکی ئەم پرۆسەیە، لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و پێشەنگایەتیکردنیان، پێویستیی میراتی تێکۆشانەکەیانە. یەکێک لە خاڵەکانی گفتوگۆکانمان لەبارەی دۆخی گەلەکەمانە لە مەخموور. بێگومان لەگەڵ پێشکەوتنی ئەم پرۆسەیەدا، گەڕانەوەی گەلەکەمان بۆ  خاکی خۆیان بەدی دێت. بەڵام دەبێت بزانرێت کە نابێت مامەڵەی کەسی و خێزانی زاڵ بێت. پرسە کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایییەکان چارەسەر دەکەین و لەسەر ئەم بنەمایە بەرەو چارەسەری هەنگاو دەنێین.
 
سەبارەت بە پەنابەرانی مەخموور، ئەورووپا و هەموو پەنابەرانی دیکە، بەم شێوەیە بیر دەکەمەوە: گەڕانەوەی هەمووتان بە کۆمەڵ دەبێ و جوگرافیاکە ئێمە دیاری دەکەین. ئایا دەتانەوێت بگەڕێنەوە؟
 
وا دادەنێین کە داواکاریی گەڕانەوە نیوە بە نیوە دەبێت. پێویستە بە کۆمەڵ بیر لە گەڕانەوە بکەینەوە. لەم چوارچێوەیەدا سڵاوی من بگەیەنن بە گەلی مەخموور.
 
لەسەر ئەم بنەمایە، سڵاو و خۆشەویستیی قووڵ و بێ پایانم ئاراستەی تەواوی گەلی مەخموور دەکەم، بەتایبەتی ژنان و گەنجان.

پەکەکە لە ٥-٧ی ئایاری ئەم ساڵ، ١٢یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی ١١ی  تەممووزی ئەم ساڵ ٣٠ گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.




AM:11:31:09/08/2025