هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە بارەی هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاو حکومەتی سووریا داوای دەستوەردانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دەشڵێت، دەستی دیالۆگ و گفتوگۆ درێژ دەکەین، بەڵام ئامادەین بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەمان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تیایدا هاتووە" گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و حکومەتی دیمەشق بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست و لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٢ هێرش کراوەتە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە چەکی قورس بەکارهاتووە و هەوڵی پەڕینەوە لە ڕووباری فورات دراوە بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکانمان".
باسی لەوەشکردووە بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەوە ١١هاوڵاتیی مەدەنی بریندار بوون و زیانێکی زۆریش لە ماڵ و حاڵی هاووڵاتییان دراوە.
هەسەدە دەشڵێت" پێشێلکارییەکان ناوچەکانی دێرەزوور، دێر حافر، بەنداوی تشرین و تل تەمریان گرتووەتەوە و، جووڵەی گوماناوی لە نزیک گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب بەدی کراوە".
ئاماژە بەوەشدەکات کە هێرشەکان پێشێلکردنی ڕێککەوتنی حەلەبە کە لە ١ی نیسانی ٢٠٢٤ لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق ئەنجامدرا و جەوهەری ڕێککەوتنەکە، لەسەر بنەمای ئاگربەستی تەواو و پاراستنی هاووڵاتیانیی مەدەنییە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەوەشی وتووە" سەرەڕای هێرشە دووبارەکان، ئێمە دانمان بەخۆدا گرتووە و بەردەوامیی هێرشەکانیش هەڕەشەیە بۆ سەر متمانە و بیرکردنەوە لە جەنگ زیندوو دەکاتەوە".
ئاشکراشی کردووە کە حکومەتی دیمەشق بە بەرپرسیاری تەواوی پێشێلکارییەکان دەزانین و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو پێشێلکارییەکان و پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکان دەکەین و هەسەدە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات دەستوەردان بکەن، و دەلێت" ئێمە دەستی دیالۆگ درێژ دەکەین، بەڵام ئامادەین بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەمان".