3 موراد قەرەیلان، ئاشکرایدەکات پەکەکە و سەرجەم باڵاکانی پاپەند بە بانگەوازی ئۆجەلان و پڕۆسەی ئاشتی.
موراد قەرەیلان لە دواین لێدوانیدا ڕایگەیاند'' شوێنی چارەسەریی پەرلەمانی گەلی تورکیایە، وە دامەزراندنی کۆمسیۆن لە پەرلەمان هەنگاوێکی گونجاوە و دەبێت بەرژەوەندیی هەموو تورکیا لەبەرچاو بگیرێت، بێگومان ئێمە لایەنێکی ئەم پرسەین و دەبێت بۆچوونەکانمان وەربگیرێن.''
فەرماندەکەی هەپەگە دەڵێت'' بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکی ستراتیژیی گرێدراوی هێڵی ڕێبەرێتی واتە ڕێبەر ئاپۆ بە بانگەوازەکەی کۆتایی بە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری هێناوە. ئەمەش هەموو کەسێک دەگرێتەوە. کام بەش یان لایەن جیاوازی نییە، دەبێت هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەیە، بزانن ستراتیژی ئیدی تێکۆشانی چەکداری و شەڕ نییە. ئیدی بۆ ئێمە ستراتیژی سیاسەتی دیموکراتیکە. ئەمەش هەموو کەسێک دەگرێتەوە''
ئاماژەی بەوەشکرد، گرووپێکی ٣٠ کەسی پەکەکە، لە ١١ی تەمووزی ئەمساڵ لە سنووری سلێمانی چەکەکانیان سوتاند، ئەم مەراسیمە بۆ بزووتنەوەکەمان مانای وایە کە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری بە فەرمی و کردەیی کۆتایی پێهاتووە.
لە بارەی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، قەرەیلان، وتی: بۆ ئەوەی متمانە دروست ببێت، بە دڵنیاییەوە دەبێت ئۆجەلان ئازاد بکرێت، نەک هەر لە ئیمراڵی نەمێنێت، بەڵکوو دەبێت بتوانێت سەردانی هەموو شوێنێک بکات.
لە کۆتایدا باسی لەوەشکردوە، ێمە پێشنیازەکانی بانگەوازی ئۆجەلانمان جێبەجێ کردووە، بەڵام تا ئێستا تورکیا بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی جێبەجێ نەکردووە.