پەرلەمانتارێكی کوردستان پرسیارێك ئاراستەی شاعیری "ئەی رەقیب" دەكات

پەرلەمانتار ئاری هەرسین سەبارەت بەلابردنی بەیتێكی سرودی نەتەوەیی "ئەی رەقیب" پرسیارێك ئاراستەی كۆچكردوو "دڵدار"ی شاعیر دەكات.

ئاری هەرسین، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان لە پەیجی سەرەكی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك سەبارەت بە گۆڕینی سرودی نەتەوەیی "ئەی رەقیب" دەنوسێت: "پرسیارێك بۆ رۆحی بەهشتی (دڵداری) شاعیری سرودی ئەی رەقیب: ئایا جەنابت وەك كوردپەروەرێك‌و خواپەرستێك، لێمان عاجز دەبیت ئەگەر لەپێناو خۆشەویستی كوردستاندا‌و پاراستنی یەكڕیزیماندا، بەیتێكی شیعرەكەت نەڵێنەوە كە موسڵمانە مولتەزیمە كوردستانیەكانی پێ دڵگران دەبن؟".

ئەم پرسیارەی ئاری هەرسین بەدوای ئەوە دێت كە ژمارەیەك لایەنی ئیسلامی خوازیاری گۆڕین‌و دەستكاریكردنی سرودی ئەی رەقیب بوون. لەئێستاشدا لەپەرلەمان یاسایەك بۆ بەنەتەوەیی ناساندنی سرودی ئەی رەقیب هەیەو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوەو لەداهاتووشدا دەخرێتە دەنگدانەوە.

چەند رۆژی رابردووش سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەدیدارێكی رۆژنامەنوساندا جەختی لەسەر ئەوە كردبوو كە سروودی ئەی رەقیب بووەتە درووشمی یەكپارچەیی خاكی كوردستان، كورد لەهەرچوار پارچەكەی كوردستان لەسەر چەندین شت جیاوازیمان هەیە، بەڵام لەسەر سروودی نەتەوەیی (ئەی رەقیب) هەمومان تەباین‌و پێمانوایە سرودێكی گرنگە بۆ نەتەوەكەمان، لەبەر ئەوە ئەو سروودە بۆ ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان هێڵی سوورەو سازشی لەسەر ناكەین.




PM:02:43:10/12/2014