"كورد و سووریا لەسەر داڕشتەیەکی گونجاوی لامەرکەزی ڕێكدەكەون"

هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر و وەزیری دەرەوەی سووریا كۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی داڕشتەیەکی گونجاوی لامەرکەزی کردووەو هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دوورخستنەوەی بژاردەی سەربازی.

ئاژانسی (فرانس پرێس)، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویكردۆتەوە، نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەری کورد و حکومەتی سووریا لە دیمەشق بۆ درێژەدان بە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان هەردوولا کۆبوونەتەوە. ئەمەش دوای ڕاگەیاندنی حکومەت دێت کە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا دەکات کە بڕیارە لە پاریس بەڕێوەبچێت .

ئاژانسەكە لەزاری سەرچاوەیەکی کوردەوە بڵاویکردەوە کۆبوونەوەکە لەنێوان ئیلهام ئەحمەد و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئێوارەی دوو شەممە بەڕێوەچووە و کۆبوونەوەکەش لەسەر داوای دیمەشق بووە.

سەرچاوەكە دەشڵێت" ئیلهام ئەحمەد و شەیبانی گفتوگۆیان لەبارەی داڕشتەیەکی گونجاوی لامەرکەزی کردووە و هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دوورخستنەوەی بژاردەی سەربازی".

ئاشكراشی كردووە، رۆژئاوا و دیمەشق بەردەوامیی دانوستانیان بە سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی دووپاتکردۆتەوە.

کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات کە ئیدارەی خۆسەری کورد ڕِۆژی هەینی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی فراوانکراوی بێ وێنەی لە شاری حەسەکە ئەنجامدا، کە بۆ یەکەمجار نوێنەری کەمینەکانی دروز و عەلەوی لەخۆگرتبوو. لە بەیاننامەی کۆتاییدا، ئامادەبووان داوای دەستوورێکیان کرد کە "دەوڵەتێکی لامەرکەزی دامەزرێنێت".

دیمەشق ڕەخنەی لە کۆبوونەوەکە گرت و بە "تێکدانی پڕۆسەی دیالۆگ"ی زانی و بایکۆتکردنی "هەر کۆبوونەوەیەک کە بڕیارە لە پاریس ئەنجام بدرێت" ڕاگەیاند، کە پێشەنگی هەوڵەکانی نێوەندگیری نێوان هەردوولا لەگەڵ واشنتۆنە.

سەرچاوەیەکی حکومەتی سووریا بۆ ئاژانسەكە پشتڕاستی کردەوە، کە دیدارەکەی نێوان ئیلهام ئەحمەد و شەیبانی ئەنجامدراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

بڕیاربوو ناوەڕاستی ئەم مانگە هەردوولا لە پاریس کۆببنەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی وەزیرانی دەرەوەی سووریا و فەرەنسا و نوێنەری ئەمریکا لە دیمەشق. ئەم ڕێککەوتنە دوای کۆبوونەوەی کۆتایی مانگی ڕابردوو لە پاریس هات بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی دوو قۆڵی کە لەلایەن ئەحمەد ئەلشەرا سەرۆک کۆماری سوریا و مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ١٠ی ئازار بە سەرپەرشتی ئەمریکا واژۆ کرابوو.



PM:09:50:12/08/2025