سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە درەنگانی شەوی رابردوودا لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکرا و کاردانەوەی ناوخۆ و دەرەکیی لێکەوتەوە، ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق و کۆمەڵگەی مافە نێودەوڵەتییەکان و میدیا عێراقی و جیهانییەکانیش دەستگیرکردنەکەی بە پێشێلکاریی یاسا وەسف دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ـی ئابی ٢٠٢٥، میدیای ( ئێن ئارتی) بڵاویکردووەتەوە کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق لە راگەێندراوێکدا پشتیوانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێیان کرد و دەڵێن، ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر ئەو رێوشوێنانەی کە لەگەڵ دەستگیرکردن و گواستنەوەی شاسوار عەبدولواحید بۆ شوێنێکی نادیار ئەنجامدرا، چونکە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بڕگەکانی دەستوور و یاساکانی ئێستایە.
هاوکات ئینستیوتی مافە نێودەوڵەتییەکان وتی،" بە توندی سەرکۆنەی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید دەکەن و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەکەن".
باسی لەوەشکردووە" شاسوار عەبدولواحید جگە لە رەخنەی بنیاتنەرانە هیچ تاوانێکی دیکەی نییە دەستگیرکردنی کارێکی توندوتیژ و نائاساییە".
شەوی رابردوو شاسوار عەبدولواحید لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیر کرا و دواتر نەوەی نوێ رایگەیاند کە" بە بێ ئاگادار کردنەوە هێزێکی چەکداری یەکێتی هەڵیان کووتاوەتە سەر ماڵەکەی دەستگیریان کردووە"، بەڵام ]پۆلیسی سلێمانی دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رەتی کردەوە و وتی" لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە و چەندجارێک لەسەر دۆسییەک داوا کراوە بەڵام ناوبراو ئامادە نەبووە".