کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی ڕەتیدەکاتەوە کە تا ئێستا هیچ بڕەنەوتێکیان لە هەرێمی کوردستانەوە ڕادەست کرابێت.
عەلی نزار فایەق، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ کە تایبەتە بە فرۆشتنی نەوتی عێراق لە لێدوانێکیدا نۆ کەناڵی ڕووداو ڕایگەیاند" سەرجەم ئەو ڕێکار و ئامادەکارییانەی پێویستن بۆ وەرگرتن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواوکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە نەوتێکمان ڕادەستنەکراوە بۆ فرۆشتن."
ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کێشەی نەوت لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا چارەسەرکراوە.
لەبارەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری تورکیاوە عەلی نزار وتی" خەریکی چاوخشاندنەوەین بەو پێشنیازانەی حکومەتی تورکیا بۆ ڕێککەوتنی نوێ ناردوونی. بابەتەکە تەنیا پەیوەندی بە نەوتەوە نییە و چەندین وەزارەتی دیکەش پەیوەستن بەو ڕێککەوتنەوە کە پێویستە ئەوانیش سەرنجی خۆیانی لەسەر بڵێن، بەڵام بەدڵنیاییەوە پێش تەواوبوونی وادەکەی دەگەینە ڕێککەوتن."
سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی کەرکووک، بەڕێوەبەری گشتیی سۆمۆ ڕایگەیاند" مانگانە بەشێکی نەوتی کەرکووک هەناردەی ئوردن دەکرێ و نەوتی کێڵگەی گەیارەش لە نەینەوا لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هاوشێوەی نەوتی بەسرە هەناردە دەکرێت."
عەلی نزار لەسەر داهاتی نەوت باسی لەوە کرد کە " داهاتی نەوت ڕاستەوخۆ لەو کۆمپانیا و لایەنانە وەردەگرین کە لێمان دەکڕن و هیچ دواکەوتنێک لە وەرگرتنی داهاتەکەدا نییە".